سەردێڕ:

ئەمریکا داوا لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات عێراق جێبهێڵن

فۆتۆ: 
2020-03-31

18154 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا داوا لەو هاوڵاتییانەی وڵاتەکەی دەکات کە لە ئێستادا لە عێراقن، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئەو وڵاتە جێبهێڵن.

ئەمڕۆ سێشەممە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە ئێستادا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق بڵاوبووەتەوە، لەو چوارچێوەیەدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کۆنسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر چەند بژاردەیەک دەخاتە بەردەم هاوڵاتیانی وڵاتەکەی لە عێراق، بۆ گەڕانەوەیان لە عێراقەوە بۆ ئەمریکا لە رێگای گەشتی بازرگانییەوە".

ئاماژە بەوەشکراوە، "بۆ ئەم هەنگاوە باڵیۆزخانەکە داوای لە هاوڵاتیانی کردووە لە رێگەی لینکێکەوە کە لەناو راگەیەندراوەکەدا هاتووە، زانیاریی پێویست بە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا یان کۆنسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر بدەن".

ئەوەش هاتووە، "خەرجی ئەو گەشتە لە ئەستۆی ئەو کەسانەدا دەبێت و ئەمریکا خەرجییەکەی ناگرێتە ئەستۆ، کە بڕەکەی دوو هەزار و ٥٠٠ دۆلاری ئەمریکییە".

ئەوەش خراوەتەڕوو، "ئەو کەسانەی توانای دابینکردنی خەرجی گەڕانەوەیان نییە، دەتوانن پەیوەندی بە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا یان کۆنسوڵخانەی گشتی ئەو وڵاتە لە هەولێر بکەن بۆ دابینکردنی خەرجی گەڕانەوەیان بەشێوەی قیست و لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ ئەمریکا پێویستە ئەو پارەیە بگەڕێننەوە".

باس لەوەشکراوە، "گەشتەکان سنوردارن و لە کاتی گەشتنیان بۆ ئەمریکا خۆیان بەرپرسن لە رێکخستنی گەشتە ناوخۆییەکان لە وڵاتدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکاش بەرپرس نییە لە پرسی چۆنییەتی مامەڵکردن لەگەڵ بردنەوەی ئاژەڵی ماڵی لەلایەن کەسەکانەوە لەکاتی گەڕانەوەیاندا".

ئەوەش لە کاتێکدایە، کۆی ژمارەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراقدا گەیشتووەتە ٦٩٤ حاڵەت و لەو ژمارەیەش ٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٧٠ کەسیش لە نەخۆشییەکە چاکبوونەتەوە، بەراورد بەوەش تا ئێستا لە ئەمریکا ١٨٠ هەزار و ٢٧١ کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و ٥٧٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و شەش هەزار و ٢٤١ کەسیش چاکبوونەتەوە.

هـ.ئـ