سەردێڕ:

وردەکاریی بڕیاری درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێم

فۆتۆ: 
2020-03-31

60800 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، بڕیار درا بە درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ هەتا ١٠ی نیسان و لەو ماوەیەشدا پێویستە چەند رێنماییەک جێبەجێبکرێت.

دەقی راگەیاندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ:

١-درێژکردنەوەی راگرتنی هاتوچۆ لە تەواوی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەرین و گەرمیان و گشت یەکە کارگێڕییەکان تا ١٠ی نیسانی ٢٠٢٠ کاتژمێر ١٢ی شەو، هەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات، بەپێی بەیانی ژمارە ١٩ی ساڵی ٢٠٢٠ سزادەدرێت.

٢-هیچ هاتوچۆیەک رێگەپێدراو نییە لە نێوان کاتژمێر ١ی شەو بۆ ٦ی بەیانی، جگە لە ئۆتۆمبێلەکانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئەوانەی لە ئەرکدان و ئۆتۆمبێلی ئەمبوڵانس و ئەو ئۆتۆمبێلانەی رێگەپێدراون و ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی خواردەمەنی و کەل و پەلەکان بۆ مارکێتەکان و شوێنە خزمەتگوزارییەکان، بە مەرجێک ئەو شوێنانەی کە کراوە دەبن بۆ وەرگرتنی ئەو کەل و پەلانە، نابێت کەل و پەل و کاڵا بفرۆشن لەو ماوەیەدا.

٣-ده‌سه‌ڵات ده‌درێت به‌ پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان بۆ رێگه‌پێدان به‌ كردنه‌وه‌ی مارکێتەکان و نانەواخانەکان و ئەو شوێنانەی بۆ خزمەتی هاوڵاتیان پێویستن و هاوتچۆی جوتیار و خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان و خاوەن کارگەکانی دروستکردنی ئالیک و هەر سەکتەرێک کە پێویست بێت رێکبخەن بە شێوازێک کاریگەری نەبێت لەسەر بڕیاری راگرتنی هاتوچۆ.

٤-هاتوچۆی پیادە قەدەغەیە جگە لە حاڵەتی دابینکردنی پێداویستی رۆژانە و حاڵەتی نەخۆشی، ئەوەشی سەرپێچیبکات رێکاری یاسایی بەرامبەر دگیرێتەبەر.

٥-لیژنەکانی پێکهێنراو بەپێی بەیانی ژمارە ٢١ بەردەوامدەبێت بە سەرۆکایەتی قائیمقامی قەزاکان و ئەندامێتی نوێنەرانی پۆلیس و ئاسایش پێکدێت بۆ پێدانی رێگەپێدان لە حاڵەتی زۆر پێویست لە سنوری هەر پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆ بەپێی ئەو فۆرمەی پێشتر بە بەیانی سەرەوە کاری پێکراوە.

٦-ئەم رێگەپێدانانەی خوارەوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوان دەدرێت:

أ. رێگه‌پێدانی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان، به‌ هه‌ماهه‌نگی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان.

ب- رێگه‌پێدانی كۆمپانیای په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و پارێزگار و سه‌رپه‌رشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان دەبێت.

ج- رێگه‌پێدانی نێوان پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان به‌ ره‌زامه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارێزگار و سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان دەبێت بەپێی ئەو سیستمە ئەلیکترۆنییەی کە پێش دەرچوونی ئەم بەیانە کاری پێکراوە.

٧-هاتوچۆ له‌ نێوان پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆکان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك راده‌گیرێت و لە حاڵەتی زۆر پێویست به‌ پێی ئەو میکانیزمەی لە بڕگەی پێنجه‌م/ج دیاریکراوە، دەبێت.

٨-هەر کەسێک سەر بە هێزەئەمنییەکانی راسپێردراو به‌ جێبه‌جێكردنی رێكاره‌كانی سه‌ره‌وه‌ كه‌مته‌رخه‌می بنوێنێت لە جێبەجێکردنی ئەم بەیانە لە کاتی ئەرکدا، یان پێشێلی بكات، ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌ركدا نه‌بێت به‌ ٥ رۆژ به‌ندكردن سزا ده‌درێت بەپێی ماددەی ٤٧ و ٤٨ لە یاسای سزادانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە ١٤ ساڵی ٢٠٠٨.

٩-هەرلیژنەیەک ڕێگەپێدانێک بدات بە بێ ئەوەى پێویست بێت ئەگەر ئەندامەکەى لەسەر ڕاژەى هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆبێت بەهەمان بڕگەى سەرەوە سزادەدرێت، ئەگەر لەسەر ڕاژەى شارستانى بێت بە سزاى سەرنجڕاکێشان و دوورخستنەوە لە پۆستەکەى سزادەدرێت.

١٠-هیچ فەرمانبەریان ئەفسەر یان کارمەندێک کە لە پاریزگاکانى ترى عێراق خزمەت دەکەن ڕێگایان پێ نادرێت بگەڕێنەوە هەرێمى کوردستان تا ١٠ ى نیسانى ٢٠٢٠، ئەگەر دانیشتوى هەرێمیش بوون.

١١-هەرکەسێک بەرکەوتەى کەسێکى توشبووى ڤایرۆسى کۆرۆنا بێت دەبێت کەرەنتین بکرێت بۆ ئەو ماوەیەى کە وەزارەتى تەندروستى دەستنیشانیکردووە.

١٢-دەروازە سنورییەکانى پەروێزخان و باشماخ و حاجى ئۆمەىران و ئیبراهیم خەلیل و سەرزێرى و هەردوو فرۆکەخانەى سلێمانى و هەولێر بە ڕووى گەشتیاران بە داخراوى دەمێننەوەو هیچ کەسێک بە بێ ڕەزامەندى وەزیرى ناوخۆ ڕێگەى پێ نادرێت بگەڕێتەوە هەرێمى کوردستان ئەگەر لە دەرەوەى وڵات بێت و لەکاتى گەڕانەىوەیان لە سنورى ئیدارى ئەو دەروازە سنورییەى کە لێى دەگەڕێتەوە کەرەنتین دەکرێت پاڵپشت بە ڕێنمایی وەزارەتى تەندروستى کە پێویتە گەڕاوەکان لەو شوێنە کەرەنتین بکرێن، جموجوڵى بازرگانی لەو دەروازە سنورییانە بەردەوام دەبێت بە پێى ئەو میکانیزمەى کە پێشتر بریارى لەسەردراوە.

١٣-ئەو خێزانانەى کە لەناو هەرێمى کوردستان بە هۆى قەدەغەى هاتوچۆ لەیەک دابڕاون لە کاتژمێر ١٠ ى شەوى ١ ى نیسانى ٢٠٢٠، بۆ ماوەى ٧٢ کاتژمیر ریگەیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە ناو ماڵەکانى خۆیان لە ناو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بەمەرجێک ڕێگە پێدانیان پێبدرێت بە پێى ئەو میکانیزمانەى ئەم بەیانە دیارى کردوە.

١٤-گشت مارکێتەکان و نانەواخانەکان و ئەو شوێنانەى یۆ خزمەتى هاوڵاتیان ڕێگە پێدراون لە نێوان کاتژمێر ١١ ى شەو تا ٦ ٦ ى بەیانى دادەخرێن، جگە لە دەرمانخانەى ئێشکگر و ئەوانەى بەمەبەستى بڕگەى دووەم ڕێگە پێدراوکراوە دەبن.

١٥-هاتوچۆکردنى ئاژانسى un و هاوپەیمانان و هاتوچۆى بازرگانى لە نێوان پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان ڕیگە پێدراوە.

١٦-لە کاتى وەرگرتنى موچە یانسەرەبەندى وەرگرتنى نان پێویستە مەوداى نێوان دوو کەس لە مەتر و نیوێک کەمتر نەبێت بەمەبەستى بەریەک نەکەوتن.

١٧-ئاڵوگۆڕى گشت هێزە ئەمنیەکان ئەوانەى لە ئەرکدان لە ناو سنورى هەر پارێزگا و ئیدارەیەکى سەربەخۆ بە هەماهەنگى لەگەڵ ژورى ئۆپراسیۆنەکان دەکرێت، بەڵام لە نێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان هیچ ئاڵوگۆڕیک ناکرێت بە پێى بەیانى ژمارە ٢٢ ى ساڵى ٢٠٢٠.

١٨-ئەم بەیانە لە کاتژمێر ١٢ ى شەوى ٣١ ى ئازارى ٢٠٢٠، جێبەجیدەکرێت.