سەردێڕ:

تەندروستیی جیهانی لەبارەی جگەرە و نێرگەلەوە هۆشداریی دەدات

فۆتۆ: 
2020-03-31

22950 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریی دەدات ئەو کەسانەی جگەرە یان نێرگەلە دەکێشن، مەترسی توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەسانی دیکە زیاترە.

ڕێکخراوەکە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە، ئەو کەسانەی جگەرە یان نێرگەلە دەکێشن، کۆئەندامی هەناسەیان لاوازتر دەبێت، بەوەش مەترسی توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاترە، بەتایبەت ئەگەر ڤایرۆسەکە هێرش بکاتە سەر سییەکانیان.

ئاماژەش بەوەکراوە، جگە لەوەی مەترسی زیاتری توشبوونیان بە کۆرۆنا هەیە، ئەگەری زیاترە کەسانی جگەرەکێش ڤایرۆسەکە بۆ کەسانی دیکە بگوازنەوە، بەهۆی ئەوەی لەکاتی کێشانی جگەرەدا دەستیان بەر دەمیان دەکەوێت.

رێکخراوەکە رێنمایی داوە بە دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە، لەم کاتەدا کە پەتای کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە، ئەوەش لە پێناو تەندروستی خۆیان و کەسانی دەوروبەریان و دەڵێت، "ئێستا گونجاوترین کاتە بۆ وازهێنان لەو خووە".

تەندروستی جیهانی ساڵانە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە بەرامبەر بە مەترسییەکانی جگەرەکێشان بڵاودەکاتەوە، کە بەگوێرەی ئامارەکانی، ساڵانە جگەرەکێشان هۆکارە بۆ گیانلەدەستدانی هەشت ملیۆن کەس لە جیهاندا. لە ئێستاشدا رێکخراوەکە هەڵمەتەکانی هۆشیاری لەوبارەیەوە چڕترکردووەتەوە.

‌بەپەلە