سەردێڕ:

ئیسپانیا.. بەرزترین ڕێژەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا تۆمارکرا

ڤایرۆسی کۆرۆنا
فۆتۆ: 
2020-03-31

13562 جار خوێندراوەتەوە

لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٨٤٩ حاڵەتی نوێی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی ئیسپانیا تۆمارکراوە، کە ئەوەش بەرزترین ڕێژەیە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتەدا.

وەزارەتی تەندروستی ئیسپانیا رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، نۆ هەزار و ٢٢٢ حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا تۆمارکراوە، کە ئەوە بەرزترین ڕێژەیە لە ماوەی یەک ڕۆژدا تۆمارکرابێت، بەوەش ژمارەی توشبووان لە ئیسپانیا بۆ ٩٤ هەزار و ٤١٧ کەس بەرزبووەتەوە، هاوکات ژمارەی گیانلەدەستدانیش گەیشتووەتە هەشت هەزار و ١٨٩ کەس.

ماڵپەڕی بلومبێرگ بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی زیاتری ژمارەی توشبووان بە کۆرۆنا، نەخۆشخانەکانی ئیسپانیا جمەیان دێت لە نەخۆش و حکومەتی ئەو وڵاتەش هەموو هەوڵەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکە خستووەتەگەڕ.

حکومەتی ئیسپانیا باری لەناکاوی لە وڵاتەکەدا راگەیاندووە، لە ١٤ی ئازاریشەوە هاتوچۆی لە تەواوی وڵاتەکەدا قەدەغەکردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە ساڵی رابردوو، ماڵپەڕی بلومبێرگ لە ریزبەندییەکدا، ئیسپانیای بە باشترین وڵات لە ڕووی تەندروستییەوە دیاریکرد، لە ئێستاشدا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، پاشەکشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و وڵاتەکە بەهۆى کەمی نەخۆشخانە و کەرەستەی تەندروستی و پشکنین بۆ نەخۆشی کۆرۆنا، گرفتی بۆ دروستبووە.

‌بەپەلە