سەردێڕ:

بۆرییەکی گازی ئێران لە نێوان رۆژهەڵات و باکوری کوردستاندا تەقێنرایەوە

فۆتۆ: 
2020-03-31

5481 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی نیشتمانی ئێران رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، بۆرییەکی گازی ئێران لە سنوری نێوان رۆژهەڵات و باکوری کوردستان تەقێندراوەتەوە و بەوهۆیەوە هەناردەی گازی ئێران بۆ تورکیا راگیراوە.

مەهدی جەمشیدی دانا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی نیشتمانی ئێران بە کەناڵی فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند، بۆریەکی گازی ئێران لە سنوری شاری بازەرگان لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە هاوسنورە لەگەڵ باکوری کوردستان و پاریزگای وان تەقێندراوەتەوە.

ناوبراو راشیگەیاند، هێرشەکە لەکاتێکدا بووە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، هێزی پاسەوانی سنوری تورکیا ناوچەکەیان چۆڵکردووە، بەڵام بەرپرسانی ئێران تورکیایان لە روودانی تەقینەوەکە ئاگادارکردووەتەوە و چاوەڕێی وەڵامی ئەو وڵاتە دەکەن.

وتیشی، چاککردنەوەی ئەو بۆرییە گازە چوار بۆ پێنج ڕۆژی پێدەچێت و لەدوای ئەوە دەست بە هەناردەکردنی گاز دەکرێتەوە.

ئەو بەڕێوەبەرەی کۆمپانیای گازی نیشتمانی ئێران، گەریلاکانی پەکەکەی بە تەقینەوەی بۆریەکە تۆمەتبارکرد، هاوکات کەناڵی فەرمی تورکیا (تەرەتە) بڵاویکردووەتەوە، "هۆکاری تەقینەوەی بۆریەکە نەزانراوە و هێزە ئەمنییەکانی تورکیاش لێکۆڵینەوەیان لەوبارەیەوە دەستپێکردووە".

ئەو بۆرییە گازە ساڵانە ١٠ ملیار مەتر چوارگۆشە گازی لە ئێرانەوە بۆ تورکیا هەناردە دەکات.




‌بەپەلە