سەردێڕ:

ئایا دەکرێت بۆ جاری دووەم توشی کۆرۆنا ببیت؟

فۆتۆ: 
2020-03-31

11746 جار خوێندراوەتەوە

زانایانی ئیسپانیا رایانگەیاندووە، کەسانی توشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەدوای چاکبوونەوەیان لە نەخۆشیەکە بە تەواوی، مەترسی هەیە جارێی دیکە توشی نەخۆشیەکە ببنەوە.

لەوبارەیەوە، لویس ئینگوانیس، پسپۆڕی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان لە پەیمانگای نیشتمانی ئیسپانیا بۆ بایۆتەکنەلۆژیا، رایگەیاندووە، ١٤%ى ئەو کەسانەی لە ئیسپانیا لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، بۆ جاری دووەم توشی نەخۆشیەکە بوونەتەوە.

ئەو پسپۆڕە روونیکردەوە، کەسانی توشبوو بە کۆرۆنا لەدوای چاکبوونەوەیان، لەشیان بەرگری بەرامبەر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستدەکات، بەڵام توانای بەرگریکردنی سیستەمی بەرگری هەندێک لەو کەسانە بەرامبەر بە ڤایرۆسەکە لاوازە، ئەوەش وادەکات لەدوای چاکبوونەوەی تەواویان جارێکی دیکە توشی نەخۆشیەکە ببنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی سەرنجی زانایانی بەلای خۆیدا راکێشاوە، ئەوەیە، کاتێکی کورت هەبووە لە نێوان چاکبوونەوەی نەخۆش بە کۆرۆنا و دووبارە توشبوونەوەی بە پەتاکە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، زانایانی چەند وڵاتێکی جیهان لە هەوڵی دروستکردنی ڤاکسیندان دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەو نێوەندەشدا ١٧ی ئەم مانگە پەیمانگەی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ ھەستیاری و نەخۆشییەکان یەکەمین ڤاکسینی دژەکۆرۆنایان بۆ یەکەم خۆبەخش تاقیکردەوە.