سەردێڕ:

تره‌مپ: ٣٠ رۆژی سه‌ختمان له‌ پێشه

فۆتۆ: 
2020-03-31

4977 جار خوێندراوەتەوە

سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، جگه‌ له‌ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێدا، بژارده‌یه‌كی دیكه‌یان نییه‌. دەشڵێت، " ٣٠ رۆژی سه‌ختمان له‌ پێشه‌، ئه‌م ٣٠ رۆژه‌ زۆر گرنگه‌".

دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا راگەیاند، "به‌ جێبه‌جێكردنی رێوشوێنه‌كان ده‌توانین گیانی زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن ئه‌مریكی رزگار بكه‌ین. داهاتوومان له‌ ده‌ست خۆمانه‌، بژارده‌كانی به‌رده‌ستمان و له‌ خۆبردوویمان چاره‌نووسی ڤایرۆسه‌كه‌ دیاری ده‌كه‌ن".

دۆناڵد تره‌مپ جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌نگاوێكی زۆر گرنگیان بڕیووه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ و له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵاته‌كه‌ی توانیوویانه‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن تێست بكه‌ن بۆ خه‌ڵك.

ئەو وتانەی ترەمپ لەکاتێکدایە، ئەمریکا بە تۆمارکردنی ١٢٦ هەزار و ٢٦٦ حاڵەتی توشبوو بە کۆرۆنا، لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین حاڵەتەکانی توشبووی تێدا تۆمارکراوە، هاوکات سێ هەزار و ١٧٠ کەسیش لەو وڵاتە بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە پێنج هەزار و ٥٠٠ کەسیش لە نەخۆشیەکە چاکبوونەتەوە.

لە پێناو ڕێگریکردنی زیاتر لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەش، داوا لە هاوڵاتیانی ئەمریکی کراوە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە، کە ئەوەش لە چوارچێوەی زنجیرەیەک ڕێکاری تەندروستیدایە کە بڕیارە تا کۆتایی مانگی نیسان بەردەوام بێت.