سەردێڕ:

فرانس پرێس: ئەمریکا سیستمی پاتریۆتی رەوانەی هەرێم و عێراق کردووە

فۆتۆ: 
2020-03-31

13836 جار خوێندراوەتەوە

فرانس پرێس بڵاویکردەوە، هەفتەی رابردوو، ئەمریکا سیستمی موشەکی لە جۆری پاتریۆت ڕەوانەی بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە هەرێم و عێراق کردووە.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بە پشت بەستن بە بەرپرسێک لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و سەرچاوەیەک لە سوپای عێراق،  ئاشکرایکردووە، ئەمریکا سیستمێکی موشەکی پاتریۆتی بۆ بنکەیەکی سەربازی وڵاتەکە لە هەولێر گواستووەتەوە، هاوکات سیستمێکی موشەکێکی دیکەش بۆ بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار گواستراوەتەوە.

بەرپرسە ئەمریکیەکە راشیگەیاندووە، بڕیارە  دوو سیستمی موشەکی دیکەش بۆ بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بگوازنەوە، کە لە ئێستادا لە وڵاتی کوەیتن و چاوەڕێی گواستنەوەی دەکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، کێنیس مەکەنزی فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوو هەفتە لەمەوبەر رایگەیاندبوو، لە پێناو پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی هێزە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەریان،  سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت ڕەوانەی عێراق دەکەن.

پێشتریش پێنتاگۆن رایگەیاندبوو، لەبارەی ڕەوانەکردنی سیستمی بەرگری پاتریۆت بۆ ئەو وڵاتە داوای مۆڵەتیان لە بەغدا کردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەشتی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ئێران لە تۆڵەی کوشتنى قاسم سولەیمانیدا ١٧ موشەکی ئاراستەى بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەولێر و خوارووی عێراق کرد و بەهۆیەوە دەیان سەربازی ئەمریکی برینداربوون.