سەردێڕ:

یاریدەدەرێکی بنیامین ناتانیاهو توشی کۆرۆنا بوو

فۆتۆ: 
2020-03-30

2076 جار خوێندراوەتەوە

یاریدەدەرێکی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، لەگەڵ ئەوەشدا، دیار نییە کە ئایا سەرۆکە ئیسرائیلییەکەی توشکردووە یان نا.

ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کە بەرپرسێکی ئیسرائیلی رایگەیاندووە، یاریدەدەرێکی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کە لە کاروباری پەیوەست بە پەرلەمانەوە هاوکاری بووە، توشی کۆرۆنا بووە.

راشیگەیاندووە، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی وڵاتەکەیدا لەسەر هێڵ دەبن بۆ هەر رێنماییەک کە بۆ سەرۆک وەزیران دەربکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، لە هەفتەی رابردوودا، ناتانیاهو و یاریدەدەرەکەی پێکەوە لە پەرلەمان بوون و پەیوەندی نزیکیان هەبووە.

هاوکات، بەپێی رێنماییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، دەبێت ئەو کەسانەی پەیوەندییان لەگەڵ توشبوویەکی کۆرۆنادا هەبووبێت، بۆ ماوەی ١٤ رۆژ خۆیان کەرەنتینە بکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، هەینی رابردوو، بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا توشی کۆرۆنا بوو، بەوەش بووە یەکەم سەرۆک وەزیران کە توشی ئەو پەتایە بووبێت