سەردێڕ:

نەخۆشخانەی پێنجوێن: توشبووەکەی پێنجوێن لە سلێمانی کەرەنتینبووە

فۆتۆ: 
2020-03-30

3590 جار خوێندراوەتەوە

نەخۆشخانەى پێنجوێن ڕایگەیاند، توشبووەکەی پێنجوێن لە دوای ئەوەى لە ئێران گەڕاوەتەوە ڕاستەوخۆ نێردراوە بۆ سلێمانی و لەوێ کەرەنتینبووە.

نەخۆشخانەى پێنجوێن لە ڕوونکردنەوەیەدا ڕایگەیاند،" دوای ئەوەی هەواڵێک لە پەیجی بەڕێز وەزیری تەندرووستی بڵاو کراوەتەوە لەسەر بوونی حاڵەتێکی کۆرۆنا لە پێنجوێن هاوڵاتیانی ئاگادار دەکەینەوە کە ئەم هاوڵاتی یە پاش ئەوەی لە وڵاتی ئێران گەڕاوەتەوە لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە ڕاستەوخۆ نێردراوە بۆ کەرەنتینەی سلێمانی".

ئەوشی تێدا هاتووە "پاش مانەوەی چەند ڕۆژێک لە کەرەنتینە و وەرگرتنی سامپڵ لێی دەرکەوتووە کە هەڵگری ڤایرۆسەکەیە وە بە هیچ جۆرێک داخڵی پێنجوێن نەبووە و تێکەڵی هیچ کەسێک نەبووە".

شەوی ڕابردوو وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بڵاویکردەوە، "لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، چواردە حاڵەتی نوێی توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە شاری سلێمانی دەستنیشانکرا."

روونیشیکردووەتەوە، "توشبووەکان هەشت ئافرەت و شەش پیاون، کە پێنج لە تووشبوویان لەناو شاری سلێمانی، پێنجوێن، سیاگوێز و سیتەکن و پێشتر گەشتیان کردووە، حەوت لە تووشبوانیش لە دەربەندیخانن و بەرکەوتووی تووشبوانی پێشوون، دوو توشبووی دیکەش لە شاری سلێمانی کە پێشینەی گەشتیان نییە".

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی، تا ئێستا ١٤٢ حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمدا تۆمارکراوە بەجۆرێک ٨٥ توشبوو لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ٤٨ توشبوو لە پارێزگای هەولێر و نۆ توشبووش لە دهۆک، لەو ژمارەیەش دوو حاڵەتی گیان لەدەستدان و ٥٥ حاڵەتی چاکبوونەوەش تۆمارکراوە.