سەردێڕ:

​چۆن بازاڕکردنێکى سەلامەت و دوور لە تێکەڵبوونى خەڵک دەکەیت؟

فۆتۆ: 
2020-03-29

2758 جار خوێندراوەتەوە

بۆئەوەى لەکاتى بازارکردندا دووربیت لە خەڵکى و بە سەلامەتى و بێ توشبوونى کۆرۆنا بگەڕێیتەوە ناو خێزانەکەت، ئەم خاڵانە جێبەجێبکە.

پزیشکان و شارەزایانى بوارى تەندروستى ڕێنمایى ئەوە دەدەن، پێویستە هەمیشە نێوانت لەگەڵ کەسانى دیکە دوو مەتر بێت، ئاگاداربە لەکاتى پارەداندا لەو کەسەى کە پارە وەردەگرێت نزیک نەبیتەوە.

پێویستە بەتەنها بازاڕبکەیت و منداڵ یان کەسانى دیکە لەگەڵ خۆت نەبەیت، ئەوەش وا دەکات قەرەباڵغى نێو بازاڕ و مۆڵەکان کەمببێتەوە کە یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە.

کەمکردنەوەى کڕینەکان ڕێکارێکى دیکەى خۆپارێزییە، واباشترە تەنها ئەو شتانەى زۆر پێویستن بکڕدرێن هەڵپەى عەمبارکردنى خۆراک نەکرێت، چونکە راپۆرتە جیهانییەکان ئاماژەیان بە قەبارەى ئەو خۆراکانە کردووە کە بەهۆى عەمبارکردنەوە خراپ بوون و فڕێدراون.

لە هەندێک وڵات کاتێکى دیاریکراو بۆ بازاڕکردنى کەسانى بەتەمەن یاخود ئەوانەى نەخۆشى درێژخایەنیان هەیە یان بەرگریان لاوازە دیاریکراوە، ئەوەش لەپێناو پاراستنى تەندروستى ئەو کەسانەیە بۆئەوەى تێکەڵ بە خەڵکانى دیکە نەبن، پێویستە ڕەچاوى ئەو کاتە دیاریکراوە بکرێت و خۆ بەدوور بگیرێت لە کەسانى بەتەمەن یاخود نەخۆش.

بۆ بازاڕکردن یاخود کڕینى هەر پێداویستییەک دەکرێت سود لە خزمەتگوزارى گەیاندن (دلیڤەرى) وەربگریت بۆ تێکەڵ نەبوونت بە کەسانى دیکە و کەمکردنەوەى قەەرباڵغى لە شەقام و مۆڵەکاندا.