سەردێڕ:

هەوڵی بەكارهێنانی رێگەیەكی كۆن بۆ چارەسەری كۆرۆنا دەدرێت

فۆتۆ: 
2020-03-29

15432 جار خوێندراوەتەوە

زانایان و پزیشكان ئامادەكاریی دەكەن بۆئەوەی رێگەیەكی كۆن كە زیاتر لە سەدەیەك بەرلە ئێستا بۆ چارەسەركردنی  ڤایرۆسی كۆرۆنا بەكاربهێنن كە ئەویش وەرگرتنی پلازمای خوێنە لەو كەسانەی لە ڤایرۆسەکە چاكبووونەتەوە و گواستنەوەى بۆ كەسانی  توشبوو.

دەنگی ئەمریكا بڵاویكردووەتەوە، ئەم جۆرە چارەسەرە زیاتر لە ١٠٠ ساڵە دژی ڤایرۆسەکان بەکارهاتووە، هەر لە پەتای ئەنفلوانزای ساڵی ١٩١٨وە تاوەکو دەگاتە سورێژە لە ١٩٣٠یەکاندا و ئیبۆلاش لە ٢٠١٤.

ئاماژە بەوەشکراوە، چارەسەرکردنەکە بەجۆرێکە، کاتێک نەخۆشەکان لە نەخۆشییەکە چاکدەبنەوە، واتە خوێنەکەیان دژەتەنی ئەو ڤایرۆسە دروستدەکات کە هۆکاری نەخۆشییەکە بووە، دژە تەنیش وەکو نیشانەیەکی هۆشدارییە بۆ سیستمی بەرگری لەشی مرۆڤ، کاتێک بەهۆی میکرۆبێک کەسێک نەخۆش دەکەوێت ئەو هۆشدارییەی لەش سیستمی بەرگی ئاگاداردەکاتەوە و جەستەش دەتوانێت شەڕی دژ بە میکرۆبەکە بکات، جا ئەگەر ئەو شلەمەنییەی خۆێنە (پلازما) بە دەرزی بدرێت لە کەسانی تریش ڕەنگە جەستەیان هەمان بەرگری دروستبکات.

دکتۆر شاموێل شۆهام یاریدەدەری پرۆفیسۆری دەرمان لە زانکۆی پزشکی جۆن هۆپکنس لە چین دەڵێت، لێکۆڵینەوەیەکی کردووە بۆ بەکارهێنانى پلازمای ئەو کەسانەی کە لە ئەنفلوانزا چاکبوونەتەوە بۆ ئەو کەسانەی ئەنفلوانزایان هەیە، سەرەڕاى ئەوە کە ئەنجامى لێکۆڵینەوەکە ئەوەى دەرخست کەناتوانێت ئەو پلازمایە هاوکاری ئەو کەسانە بکات، بەڵام زۆربەی ئەو نەخۆشانەی ئەنفلوانزایان هەبوو درەنگ نمونەکانیانیان دەستکەوت و لەمێژبوو چاکبوونەتەوە، هەربۆیە تەنیا پشت بەم لێکۆڵینەوەیە نابەستن بۆ دەرخستنى راستى ئەو رێگایە.

روونیشیکردووەتەوە، ئەگەر بتوانیت ئەو دژە تەنانە کۆبکەیتەوە و بیدەی بەو کەسانەی کە توشبوون و ئەوانەش کە لە مەترسیدان یاخود لە سەرەتای توشبووندان، ئەوکات ڕەنگە دەرفەتێکت هەبێت بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەک بکەیت، هەرچەندە ئەم جۆرە چارەسەرە هەمیشە سەرکەوتوو نابێت.

بەگوێرەى ماڵپەڕەکە پزیشکە چینییەکان هەندێک لە نەخۆشەکانیان بە پلازمای خوێن چارەسەرکردووە، بەڵام نەک لەو نەخۆشخانانەی کە لێکۆڵینەوەکانیان کۆنترۆڵ دەکرێت، بۆیە نازانرێت تا چەندێک کاریگەر بووە.

دەسەڵاتدارانی چین داوایان لەو هاووڵایانە زیاترکردووە کە پاش توشبوون بە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، پلازما ببەخشن، تاقیگەکانی خوێنیش بە بەردەوامی پلازما کۆدەکەنەوە بۆئەوەی لە نەشتەرگەری و فریاکەوتندا بەکاریبهێنن.

کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری تەندروستی ئیسپانی گریفۆلس گرێبەستێکى لەگەڵ حکومەتی ئەمەریکا مۆرکردووە بۆ کۆکردنەوەی پلازما لە ناوەندەکانی بەخشینی خوێن لە ئەمەریکا، پلانی هەیە دژە تەنەکانی کۆرۆناڤایرۆس پاکبکاتەوە لە پلازما بۆ ئەوەی تاقیکردنەوی زانستی زیاتری لەسەر بکرێت دژ بە نەخۆشییەکە.

ڕێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکاش ناسراو بە FDA لەم هەفتەیەدا ڕێگەیدا بە پزیشکەکان پلازمای نەخۆشکان لە حاڵەتە مەترسیدارەکاندا بەکاربهێنن، ستیڤن هان سەرۆکى FDA لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند " ڕەنگە ئەمە چارەسەر بێت، بەڵام نەسەلمێنراوە تەنها شیانی هەیە."