سەردێڕ:

روسیا پەرەپێدانی چارەسەرێکی کاریگەری کۆرۆنای راگەیاند

فۆتۆ: 
2020-03-29

32754 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسى فیدراڵى روسى بۆ زانستى پزیشکى و بایەلۆجى رایگەیاندووە، دەرمانى مفلوکوین ى دژە مەلاریایان بۆ چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا پەرەپێداوە و کاریگەرییەکى باشى هەبووە.

ماڵپەرى روسیا تودەى بڵاویکردەوە، ئاژانسى فیدرالى روسیا بۆ زانستى پزیشکى و بایەلۆجى چارەسەرێکى بۆ توشبووانى کۆرۆنا پەرەپێداوە کە لە ڕوبەڕوبوونەوەى ڤایرۆسەکەدا کاریگەرییەکى زۆرى هەیە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو چارەسەرە لە دەرمانى مفلوکوین کە دژە مەلاریایە دروستکراوە و سودیش لە دوو تاقیکردنەوەى فەرەنسى و چینى وەرگیراوە.

رونیشکراوەتەوە، دژە تەنەکان لە کۆمەڵەى ماکرولید و پەنسلین ى دەستکرد بۆ ئەو دەرمانە زیادکراوە، ئەوەش کار لەسەر پلازماى خوێن و سییەکان دەکات و رێگە لە زیادبوونى ڤایرۆسەکە دەگرێت و بەرگرى بەهێز دەکات و رێگە لە هەوکردنەکان دەگرێت.

هاوکات، شارەزایانى سەنتەرى فارم زاشیتا رایانگەیاندووە، لە پەرەپێدانى ئەو چارەسەرەدا رەچاوى رێنماییەکانى رێکخراوى تەندروستى جیهانى کراوە و ئاژانسەکە دەرمانەکەیان پێشکەش بە وەزارەتى تەندروستى روسیا کردووە بۆ ئەوەى بخرێتە پلانى چارەسەرکردنى نەخۆشەکانەوە لە نەخۆشخانەکاندا.

جەختیشکراوەتەوە ئەو چارەسەرە رۆڵیکى بەرچاوى دەبێت لە کۆنتڕۆلکردنى پەتاکە.

جگە لەوەش، لە هەریەکە لە ئەڵمانیا و ئەمریکا و فەرەنسا و چەند وڵاتێکى دیکە هەوڵى کۆمپانیاکانى دەرمان و شارەزایانى بوارى پزیشکى بۆ دۆزینەوە چارەسەرێکى یەکجارەکى بۆ ڤایرۆسى کۆرۆنا چڕکراوەتەوە و کێبڕکێ لەسەر زووتر بەدەستهێنانى چارەسەرەکە دەکرێت.