سەردێڕ:

​دەسەڵاتى فڕۆکەوانى عێراق: کار بۆ گەراندنەوەى ئەو هاوڵاتیانە دەکەین کە لە وڵاتان گیریانخواردووە

فۆتۆ: 
2020-03-29

4164 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراقى رایگەیاند، بۆ ھێنانەوەی ھاوڵاتییە عێراقییەکان لە دەرەوەی وڵات، ھەماھەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە فڕۆکەوانییەکانی وڵاتان دەکات.

ئەمڕۆ شەممە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی ڕایگەیاند، بەردەوامن لە ھەماھەنگی چڕ لەگەڵ دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانییەکانی وڵاتان بە مەبەستی گواستنەوەی ئەو ھاوڵاتییە عێراقییانەى کە بەهۆى قەیرانى کۆرۆناوە لە وڵاتان گیریان خواردووە.

دەسەڵاتى فڕۆکەوانى عێراق ئاماژەى بەوەشکردووە، لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەسەڵاتی فڕۆکەوانى دەستدەکات بە جێبەجێکردنی رێکاری گونجاو بۆ ئاسانکردنی گواستنەوەی ئەو ھاوڵاتییە عێراقیانەی بەھەر ھۆکارێک زیاتر لە سێ مانگ عێراقیان بەجێھێشتووە، جگە لەوانەی ھەڵگری ئیقامەی وڵاتانی دیکەن.

لەبارەى میکانیزمى گەڕاندنەوەى ئەو هاوڵاتیانە ئەوە خراوەتەڕوو، لە سەر بنەمای ژمارەی ئەو عێراقییانەی کە لە ووڵاتانی دەرەوەن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە، دەسەڵاتى فرۆکەوانى عێراقى بەهەماهەنگى لەگەڵ هەریەکە لە وەزارەتەکانى دەرەوە و تەندروستى گواستنەوە گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتى فڕۆکەوانى وڵاتاندا دەکات بۆ گەراندنەوەى هاوڵاتیان لە ڕێگەى هێڵى ئاسمانى عێراقییەوە.

هاوکات ئاماژە بەوەشکراوە، لەکاتی گەڕانەوەیاندا سەرجەم گەشتیارەکان لە فڕۆکەخانەی بەغدا پشکنینیان بۆ ئەنجام دەدرێت و دواتر ڕەوانەی کەرەنتینە دەکرێن بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ دڵنیابوون لە ئەگەری توشبوون بە  ڤایرۆسی کۆرۆنا.

دەسەڵاتى فڕۆکەوانى عێراقى داواش لەو هاوڵاتیانە دەکات، پێویستە لە ھەر وڵاتێکن بۆ گەڕانەوەیان پەیوەندی بە نوسینگەکانی ھێڵی ئاسمانی عێراقی یاخود سەفارەت و كونسوڵگەرییەکانی عێراقەوە بکەن بەمەبەستی تۆمارکردنی ناوەکانیان.