سەردێڕ:

ئەحمەدی حاجی ڕەشید: بەغدا موچەی مانگی دوو و سێی ناردووە بەڵام ھەرێم دابەشی ناکات

فۆتۆ: 
2020-03-28

21316 جار خوێندراوەتەوە

ئەحمەدی حاجی رەشید رایگەیاند، بەغدا موچەی مانگی دوو و سێى ناردووە، بەڵام حکومەتی ھەرێم دابەشی ناکات.

ئەمڕۆ شەممە، لە میانەی بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا، ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند، "وەزیری دارایی حکومەتی ھەرێم پێی راگەیاندووم دەستکاری موچەی فەرمانبەران ناکات"، وتیشی، "ھەرێم بە بێ پرسی بەغدا ناتوانێت قەرز لە ھیچ وڵاتێکی دیکە وەربگرێت".

ناوبراو راشیگەیاند، "عێراق مانگانە لە ئێستادا بایی یەک ملیار دۆلار نەوت نافرۆشێت لە کاتێکدا بەپێی بودجە دەبێت سێ ملیار بفرۆشێت"، باسی لەوەشکرد، "ئەگەر نرخی نەوت بەم جۆرە دابەزێت عێراق مانگانە دوو ملیار دۆلار توشی کورتھێنانی بودجە دەبێت، ھەرچەندە نرخی نەوتیش دابەزێت ھیچ بڕگەیەک نییە، کە عێراق دەستکاری موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بکات".

باسی لەوەشکرد، "تا ئێستا ھیچ جۆرە بڕیارێک نییە، نە لە عێراق و ھەرێمیش بۆ ئەوەی موچە بکرێتە ٤٥ رۆژ جارێک، ئەگەر کورتھێنانیش رووبدات لە بودجەی عێراق دەتوانرێت پڕ بکرێتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو، "عێراق پێویستی بە سێ ملیار دۆلارە بۆ موچەی فەرمانبەرانی، بەڵام ئەم مانگە دەستی نەکەوتووە و گرفتی دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەیە لە مانگی چواردا"، دەشڵێت، "عێراق ناتوانێت قەرز لە بانکی نێودەوڵەتی بکات، چونکە وڵاتێکی ھەژار نییە و دەتوانێت تەنھا لە رێگەی پەیوەندی دیبلۆماسییەوە قەرز لە وڵاتانی دیکەوە وەربگرێت".

ئاماژەی بەوەشكرد، "عێراق بەو گەندەڵییەوە داھاتی نەوتی شەفافە، بەڵام لە ھەرێم کەس نازانێیت داھاتی نەوت چەندە".

هـ.ئـ