سەردێڕ:

تۆم هانکسی ئەکتەری هۆڵیود و هاوسەرەکەی چاکبوونەوە

فۆتۆ: 
2020-03-28

2120 جار خوێندراوەتەوە

تۆم هانکسی ئەکتەری هۆلیود و هاوسەرەکەی، بەهۆی توشبوونیان بە کۆرۆنا و پاش مانەوە زیاتر لە ١٠ ڕۆژ لە کەرەنتینەدا، لە ئێستادا لە نەخۆشییەکە چاکبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە لۆس ئەنجلوس.

ئەمڕۆ شەممە، ماڵپەڕی ئای ئێم لوبنان رایگەیاندووە، تۆم هانکسی براوەی خەڵاتی ئۆسکار و ریتای وێڵسۆنی هاوسەری لە ئێستادا گەڕاونەتەوە لۆس ئەنجلوس، کە پێشتر بەهۆی ئەوەی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبوون لە ئوسترالیا لە کەرەنتینەدا مابوونەوە.

 ماڵپەڕەکە ئەوەشی باسکردووە، تۆم هانکس و هاوسەرەکەی لە ناو ئۆتۆمبێل و لەکاتی گەڕانەوەیاندا بۆ ماڵەوە وێنەیان گیراوە و وادەردەکەوێت کە پێبکەنن.

لەلایەکی دیکەشەوە ماڵپەڕی تی ئێم زێت باسی لەوەکردووە، وێنەکە پاش ماوەیەکی کەم لە دابەزینیان لە فڕۆکەخانەی لۆس ئەنجلوس گیراوە.

ماڵپەڕی "بیدج ٦" سەر بە نیویۆرک پۆست ئاماژەی بەوەکردووە، "بینراوە کە تۆم هانکس پاش دابەزینی لە فڕۆکەکە سەمای کردووە".

ئەو دوو ئەستێرەیەش یەکێکن لە ئەکتەرە بەناوبانگەکان کە لە ماوەی ڕابردوودا توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند، بە درێژایی ئەو ماوەیەش لە نەخۆشخانە و لە وڵاتی ئوسترالیا لە ژێر چاودێری پزیشکیدا بوون.

تۆم هانکس لەگەڵ هاوسەرەکەیدا لە ١٢ی ئەم مانگەدا هەواڵی توشبوونیان بە کۆرۆنا بڵاوبووەوە، پاش پێنج رۆژ و لە ١٧ی ئەم مانگەدا، گۆڤاری پیپڵی ئەمریکی رایگەیاند، لە ویلایەتی کوینزلاند لە ئوسترالیا دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان بەجێهێشت و لە خانوویەکی بەکرێگیراودا لە کەرەنتیندا دەمێننەوە.

هـ.ئـ