سەردێڕ:

حکومەت ماوەى راگرتنی دەوامی سەرجەم وەزارەتەکانی درێژکردەوە

تا ڕۆژى ١٦ی نیسان
فۆتۆ: 
2020-03-28

45326 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی هەرێم ماوەى راگرتنی دەوامی سەرجەم وەزارەتەکان (جگە لە ھێزەکانی ئاسایش وئاسایشی ناوخۆ و دامەزراوەکانی تەندروستی) لە تا ڕۆژى ١٦ی نیسان درێژکردەوە.

 جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە چوارچێوەی بەردەوامبوونی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێم، بڕیاردراوە بە درێژکردنەوەی ڕۆژانی پشوو لە سەرجەم وەزارەتەکان، دەستە و فەرمانگە و دامەزراوەکانی، زانکۆ، پەیمانگا، قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ئەھلی (جگە لە ھێزەکانی ئاسایش وئاسایشی ناوخۆ و دامەزراوەکانی تەندروستی)، تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ى نیسانى ٢٠٢٠."

لە راگەیەندراوەکەى حکومەتدا ئاماژە بەوەشکراوە، "وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتە خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەردەوامدەبن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییە فریاگوزارییەکان بە ھاوڵاتیان لە ڕێگای پیادەکردنی ئێشگریی".

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر و لە  ڕۆژى ٢٦ی شوباتدا حکومەت پشوو لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی هەرێم ڕاگەیاند و دواتریش بە هۆی مەترسی  کۆرۆناوە دەوامی سەرجەم  دامودەزگانی حکومەت ڕاگیرا جگە لە هێزە ئەمنییەکان و دەزگا تەندروستییەکان.

لە ١٤ی ئەم مانگەوە قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێم جێبەجێدەکرێت و تا ئێستا چەند جارێک درێژکراوەتەوە، کۆتا جاریش لە ٢٢ی ئەم مانگەدا وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمدا هەتا ١ی نیسان درێژکراوەتەوە.

هـ.ئـ