سەردێڕ:

تاقیگەیەکی ئەمریکی پەرە بە خێراترین پشکنینی کۆرۆنا دەدات

فۆتۆ: 
2020-03-28

7770 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیایەکى ئەمریکى ڕایگەیاند، تاقیگەیەکیان داهێناوە کە بە پێنج خولەک ئەنجامى پشکنینى ڤایرۆسى کۆرۆنا ئاشکرادەکات کە خێراترین تاقیکردنەوەیە.

رۆبەرت فورد، بەرپرسى کۆمپانیای ئابۆت لە ئەمریکا بۆ دروستکردنى ئامێرى پزیشکى ڕایگەیاند، کارگێرى خۆراک و دەرمانى ئەمریکا لە ڕاگەیەنراوێکدا رەزامەندییانداوە بە دروستکردن و بەرهەمهێنانى ئامێرەکە و دەشڵێت، لە هەفتەى داهاتووەوە دەخرێتە بەردەستى کارمەندانى تەندروستى.

ڕاشیگەیاند، ئامێرەکە تواناى هەیە لە ماوەى پێنج خولەکدا کەسى توشبوو بە کۆرۆنا دیاریبکات، یان توشنەبوونى بە ١٣ خولەک دیاریدەکات.

ئاماژەى بەوەشکردووە، ئامێرەکە قەبارەى بچوکە و بە ئەندازەى سەمونێک دەبێت کارمەندەکان دەتوانن لەگەڵ خۆیاندا هەڵیبگرن و تەنانەت لە دەرەوەى نەخۆشخانەکانیش دەتوانرێت بەکاربهێنرێت.

هاوکات، جۆن فرێلز جێگرى سەرۆکى بەشى لێکۆڵینەوە و پەرەپێدان لە دەزگاى ئابۆت دایۆگنۆستیکس بۆ تاقیگەکان ڕایگەیاند، کۆمپانیاکە پلانى هەیە لە یەکى نیسانى داهاتووەوە رۆژانە ٥٠ هەزار تاقیکردنەوە بکات.

تاقیکردنەوەى پشکنینەکە بەشێوەیەکە، نمونەیەک لە نێو لوتى کەسەکان، یان لە نێو قورگیان وەردەگیرێت و لەگەڵ گیراوەیەکى کیمیایى تێکەڵدەکرێت و ڤایرۆسەکە تێکدەشکێنێت و جیایدەکاتەوە.

دواتر گیراوەکە دەخرێتە نێو سیستمى ID Now، کە سندوقێکى بچوکە کە بە تەکنیکێکى زۆر پێشکەوتوو توخمى ڤایرۆسى کۆرۆنا دیاریدەکات.

کۆمپانیاکە باسیلەوەکردووە، ئامێرەکە لە هەموو شوێنێک بەردەستدەبێت، بەڵام لەگەڵ ئیدارەى ئەمریکا کاردەکەن تا پێداویستیی نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان پڕدەکرێتەوە و پاشان بخرێتە بازاڕەوە.

هەفتەى ڕابردوو سیستمێکى دیکەى هەمان کۆمپانیاى دروستکردنى ئامێرى پشکنین رەزامەندى ئیدارەى خۆراکى ئەمریکاى وەرگرت، کە هەفتەى یەک ملیۆن پشکنین دەکات بەڵام دیاریکردنى ئەنجامەکان کاتى زۆرى دەوێت.

لە ئێستادا کۆمپانیا ئەمریکییەکە پلان دادەنێت لە نێوانى هەردوو سیستمەکەدا مانگانە زیاتر لە ٥ ملیۆن پشکنین ئەنجامبدات.