سەردێڕ:

نیویۆرک تایمز: پنتاگۆن هێرشدەکاتە سەر گروپە چەکدارەکانى عێراق

فۆتۆ: 
2020-03-28

32060 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەى نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا "پنتاگۆن" پلانى هێرشکردنە سەر گروپە چەکدارییەکانى عێراقی هەیە.

رۆژنامەى نیویۆرک تایمزى ئەمریکى بڵاویکردووتەوە، هەفتەى رابردوو، پنتاگۆن فەرماندە سەربازییەکانى ئاگادارکردووەتەوە کە ئامادەکارى بۆ ئۆپراسیۆنێکى سەربازى لە عێراقدا بکەن. دەشڵێت، لە ئۆپراسیۆنەکەدا بۆردومانی ئەو گروپە چەکدارییانەی سەر بە ئێران دەکرێت کە هەڕەشەی کردەوەى چەکدارییان دژی هێزە ئەمریکییەکان کردووە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەى بەوەکردووە، فەرماندە باڵاکانى ئەمریکا لە عێراق هۆشداریانداوە کە ئۆپراسیۆنەکە خوێناوى دەبێت بەهۆى کاردانەوەى گروپە چەکدارییەکانى سەر بە ئێران و هەڕەشەى دەستپێکردنى شەڕ دژى ئێران دەبێت.

هاوکات، یەکێک لە فەرماندە سەربازییەکانى نێو سوپاى ئەمریکا بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، بۆ روبەڕوبوونەوەى هێرشى گروپە چەکدارییەکان، و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەکە، پێویستە هەزاران سەربازى ئەمریکا ڕەوانەى عێراق بکرێت.

رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەکردووە، وەزیرى دەرەوە و راوێژکارى ئاسایشى نیشتمانى ئەمریکا لەگەڵ ئەوەن هێرش بکرێتە سەر ئێران و گروپە چەکدارییەکانى سەر بە ئێران لە عێراق.

هاوکات، وەزیرى بەرگرى و فەرماندەى فەرماندەیى هاوبەشى ئەمریکا نیگەرانن لە بەکارهێنانى هێزى سەربازى و لە هەمان کاتدا وەزیرى بەرگرى پلانى هێرشکردنەکەى خستووەتە بەردەستى ترەمپ کە لە چەند بژاردەیەک پێکهاتووە.

رۆژنامەکە ئەوەى روونکردووەتەوە، تا ئێستا ترەمپ بڕیارى هێرشکردنەکەى نەداوە، بەڵام فەرمانى کردووە کە پلانەکان لەوبارەوە بەردەوامبن.

لەلایەکی دیکەوە، جۆن هایتن، سەرۆک ئەرکانى هێزە هاوبەشەکانى ئەمریکا دوێنێ هەینى ڕایگەیاند، سەرەڕاى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا بەڵام پرۆسە سەربازییەکانیان لەدەرەوەى ئەمریکا بەردەوامدەبێت.

لە کۆتایی ساڵی رابردوو، دوای چەند هێرشیك بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و کوژرانی بەڵێندەرێکی ئەمریکی لە سەربازگەی کەی وەنی کەرکوک، لە ٣ى کانونى دووەمى ٢٠٢٠دا، قاسم سولەیمانى، فەرماندەى سوپاى فەیلەقى قودسی ئێران و ئەبو مەهدى موهەندیس جێگرى سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبی و هەشت فەرماندەى باڵاى سەربازى ئێران و حەشدى شەعبى بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە نزیک فرۆکەخانەى بەغدا کوژران و لەو کاتەوە ئاڵۆزییەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران لە عێراقدا بەردەوامە.