سەردێڕ:

بەریتانیا هاوکارى دارایى کرێکاران و پیشەوەران دەکات

فۆتۆ: 
2020-03-27

7380 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا و کەرەنتینەکردنى هاوڵاتییان لە ماڵەکانى خۆیاندا حکومەتى بەریتانیا بە بڕى %٨٠ى داهاتى پێشوویان، هاوکارى ماددى پێشکەشى کرێکاران و پیشەوەرانى وڵاتەکەى دەکات.

ماڵپەڕى بى بى سى بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، ڕاوێژکارێکى حکومەتى بەریتانیا ڕایگەیاندووە، کرێکاران و کاسبکاران دەتوانن لەڕێگەى پێشکەشکردنى داواکارییەوە سود لەو هاوکارییەى حکومەت وەربگرن، کە بڕەکەى ٨٠ لە سەدی داهاتی ئەو کەسە دەبێت، بە جۆرێک زۆرترین بڕی قەرەبووکردنەوەكە لە ٢٥٠٠ جونیەى ئەستەرلینی زیاتر نەبێت.

بەپێی ماڵپەڕی بی بی سی، مەبەست لە پلانەکەى حکومەتى بەریتانیا ئەوەیە هەر کرێکارێک یاخود پیشەوەر و کاسبکارێک کە بەهۆى ڕێکارەکانى ڕێگى لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆناوە کارەکەى راوەستاوە بڕی لە %٨٠ى داهاتى پێبدرێت، بەڵام داهاتەکە لە دوای مانگی ٦ دەگاتە دەستیان.

ئەوەش لەکاتێدایە، بەهۆى مەترسییەکانى ڤایرۆسى کۆرۆناوە ماوەى چەندڕۆژێکە لە بەریتانیا هاوشێوەى سەدان وڵاتى دیکەى جیهان زۆربەى کارگە و شوێنە گشتییەکان و گەشتە ئاسمانییەکان راگیراون، بەو هۆیەشەوە هەزاران کرێکار و فەرمانبەرى حکومەت بێکار بوون.

بەپێى ئامارەکان، ١١هەزار و ٦٥٨ کەس لە بەریتانیا توشى ڤایرۆسى کۆرۆنابوون، ٥٧٨ کەس گیانیان لەدەستداوە، ١٣٥ کەسیش لە پەتاکە چاکبوونەتەوە.