سەردێڕ:

کەنەدا بەرنامەی هاوکاری بۆ قەرەبووکردنەوە ڕادەگەیەنێت

فۆتۆ: 
2020-03-27

3671 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، کەنەدا، عوسمان عەلی

ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی کەنەدا بەڕێژەیەکی مەترسیدار لە هەڵکشاندایە ، لەماوەی بیست و چوار کاتژمێری ڕابردوودا ٥٧٥ حاڵەتی نوێ لە کەنەدا تۆمارکراوە، بەم پێیە کۆی گشتی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەنەدا گەیشتنە ٣٣٦٧ کەس، لەوانەش ٣٠ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و ١٨٥ کەسیش چاکبونەتەوە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندرووستی کەنەدا، زۆربەی توشبووانی ڤایرۆسەکە لە هەرێمەکانی کویبیك ١٣٣٩ حاڵەت و ئۆنتاریۆ ٦٨٨ حاڵەت و بریتش کۆڵۆمبیا ٦١٧ و ئەلبێرتا ٤١٩ کەس تووشبوو بە ڤایرۆسی کورۆنا تۆمارکراون.

لەلایەکی ترەوە جەستن ترۆدۆ، سەرۆك وەزیرانی کەنەدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم ماڵەکەی خۆی سەبارەت بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڕایگەیاند بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی ئەو کارمەندانەی کە بە هۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کورۆنا زیانیان بەرکەوتووە.

ترۆدۆ وتیشی، دوای ئەوەی پەرلەمانی فیدراڵی ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی ٨٢ ملیار دۆلار دەربڕی، بەرنامەی بەپەلەی نوێیان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی کارەکانیان لەدەستداوە داڕشتووە، بۆیە بڕیاریاندا لە ١٥ی ئازارەوە بڕی دوو هەزار دۆلار بۆ هەرکەسێك ئیشەکەی لەدەستدابێت خەرج دەکرێت، وە بۆ ماوەی چوار مانگ بەردەوام دەبێت .

 جەستن ترودۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ئاماژەی بەوەشکرد، لە پێناو پاراستنی ژیانی گشتی دووبارە جەختیکردەوە، کە پێویستە هاوڵاتییان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا پابەندی ڕێنمایی و یاساکانی وەزارەتی تەندرووستی بن و لە ماڵەکانیان بمێننەوە.