سەردێڕ:

ئەنجامی دووەم پشکنینی کۆرۆنای پاپای ڤاتیکان ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-03-26

17286 جار خوێندراوەتەوە

دواى ئەوەى یەکێک لە پیاوانى ئاینى نزیک لە پاپاى ڤاتیکان تووشى کۆرۆنا بوو، پشکنینى دووەمیش بۆ پاپا ئەنجامدرا و دەرکەوت پاپا تووشى کۆرۆنا نەبووە.

ئاژانسەکانى هەواڵ بڵاویانکردەوە، سەرجەم پیاوانى ئاینى و کارمەندانى ناو دارولقەداسەى مارتا کە بنکەى سەرەکى پاپاى ڤاتیکانە پشکنینى ڤایرۆسى کۆرۆنایان بۆ کراوە، ئەوەش دواى دڵنیابوونەوە لە توشبوونى یەکێک لە پیاوانى ئاینى ناو قەداسەتەکە، هاوکات بۆ جارى دووەمیش پشکنین بۆ پاپا کراوە و ئەنجامەکەى نێگەتیڤ بووە.

لاى خۆشیەوە ڤاتیکان بەفەرمى هیچ زانیارییەکى لەبارەى پشکنین یاخود ئەنجامى پاپاوە رانەگەیاندووە، ئەوەش لە کاتێکدا مانگى رابردوو پاپا چەند نیشانەیەکى ئەنفلوەنزاى لێدەرکەوت بەو هۆیەشەوە سەرجەم کار و چالاکییەکانى دواخست، بەڵام حکومەتى ڤاتیکان هیچ زانیارییەکى لەبارەى تەندروستى پاپاوە بە میدیاکان رانەگەیاند.

سەرلەبەیانى ئەمڕۆش پاپاى ڤاتیکان لە ڕێورەسمى قەداسەتى تایبەت بە دینى مەسیحى کەلە کڵێسایەکى بچوکدا لە مارتا بەڕیوەچوو وتى، "ڕۆژەکان لە ئێستادا پڕن لە مەینەتى، مەترسییەکى زۆر لەسەر بەساڵاچووان هەیە، ئەوانەى بە تەنیاى لە خانەکانى بەساڵاچوواندا ژیان دەگوزەرێنن، یاخود لە نەخۆشخانەکان یان لە ماڵەکانیاندان و نازانن ڕەنگە چى رووبدات".

ماڵپەرى ڤاتیکان ئینسایدەر رایگەیاندووە، پاپا ماوەیەکە خۆى دوور ئەگرێت لە کۆ رو کۆبوونەوە و نانخواردنە بەکۆمەڵەکانى قەداسەت و زۆربەى کاتەکانى بە تەنها لە ماڵەکەی خۆیدا بەسەر دەبات.