سەردێڕ:

گەرمیان.. دەرئەنجامی پشکنینی ٦٢٠ کەس پاک دەرچووە

فۆتۆ: 
2020-03-26

4521 جار خوێندراوەتەوە

تەندروستی گەرمیان رایگەیاند، تا ئێستا له ‌گه‌رمیان پشكنینی تاقیگه‌یی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ نزیكه‌ى ٦٢٠ کەس ئه‌نجامدراوه‌، ده‌ره‌نجامى هه‌مووشیان نێگه‌تیڤ بوون و كه‌سیان هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ نه‌بوون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی گەرمیان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، "ئه‌م زانیارییه‌ دڵخۆشكه‌ره‌یه و‌ ده‌بێت هانده‌رمان بێت بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ پابه‌ندبوون به‌ مانه‌وه‌ له‌ ماڵه‌كانمان و جێبه‌جێكردنى رێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان، نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گرتنى ئه‌و رێنماییانه‌ و حساب بۆ نه‌كردنیان، چونكه‌ مه‌ترسی ڤایرۆسه‌كه‌ تائێستاش به‌ توندی بوونى هه‌یه‌ و هیچ نه‌ڕه‌ویوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو تۆماركردنى به‌رده‌وامى حاڵه‌ته‌كانى ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ و شاره‌كانى ده‌وروبه‌ر و نزیكی گه‌رمیان، راده‌ى مه‌ترسیه‌كه‌ له‌سه‌ر ناوچەکە زیاتر ده‌كات".

داواش لە هاوڵاتییان دەکەن، "به‌ گرنگییه‌وه‌ له‌ رێنماییه‌كان بڕوانن، له‌ ماڵەکانیان نه‌یه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ و تێكه‌ڵ به‌ كه‌س نه‌بن، به‌رده‌وام بن له‌ گرتنه‌به‌رى رێكاره‌ ته‌ندروستیه‌ خۆپارێزییه‌كان".

راشیگەیاندووە، "ئه‌زموونى وڵاتانى دیكه‌ سه‌لماندویه‌تى كه‌ باشترین ئامراز بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌كه‌ خۆپارێزیه‌، له‌رێگه‌ى دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ قه‌ره‌باڵغی و تێكه‌ڵنه‌بون به‌ خه‌ڵكى، مانه‌وه‌ له ‌ماڵه‌وه‌ و راگرتنى پاكوخاوێنی به‌شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وام".

ئەوەش لە کاتێکدایە، تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە گەرمیان تۆمار نەکراوە و دوایین ئامارەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکەش لە هەرێم گەیشتووەتە ١٠٣ کەس، بەجۆرێک ٦٨ توشبوو لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ٣٣ توشبوو لە پارێزگای هەولێر و دوو توشبووش لە دهۆک، لەو ژمارەیەش دوو حاڵەتی گیان لەدەستدان و ٢٧ حاڵەتی چاکبوونەوەش تۆمارکراوە.

هـ.ئـ