سەردێڕ:

قائیمقامى دەربەندیخان: بەشێوەیەکی خراپ مامەڵە لەگەڵ دەربەندیخان دەکرێت

فۆتۆ: 
2020-03-26

8214 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد ناسیح، قائیمقامى دەربەندیخان رایگەیاند، بەشێوەیەکی خراپ مامەڵە لەگەڵ دەربەندیخان دەکرێت و بەرپرسان و هاوڵاتیان بە زۆنە مەترسیدارەکە ناوی دەبەن.

قائیمقامى دەربەندیخان لە بەرنامەى تاوتوێى ئێن ئاڕ تیدا ڕایگەیاند، "بڕیاری کەرەنتینەکردنی دەربەندیخانمان داوە و لە ئێستادا لە گفتوگۆداین بۆ چۆنێتی درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ".

وتیشى، "رێنمایی و رێکارەکانی روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنامان لە دەربەندیخان توندکردووەتەوە و هیچ زانیارییەکیشمان لە هاوڵاتیان نەشاردووەتەوە سەبارەت بە نەخۆشی کۆرۆنا لە سنورەکەماندا".

ئاماژەى بەوەشکرد، لە کاتى رەوانەکردنى نەخۆشەکانمان بۆ سلێمانى مامەڵەى خراپ لەگەڵیان کراوە، هەروەها ڕێگرى لە هاتنى خۆراک کراوە بۆ شارۆچکەکەمان".

ئەوە لە کاتێکدایە، شەوى رابردوو وەزارەتی تەندروستیی هەرێم حاڵەتێکی نوێی توشبوون بە کۆرۆناى لە قەزاى دەربەندیخانی سنوری پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند، کە پیاوێکی تەمەن ٣٠ ساڵە و دانیشتووی قەزای دەربەندیخانە."

بەپێی ئامارەکانی تەندروستیی هەرێم، تاوەکو ئێستا ٦٨ حاڵەتی توشبوون لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش ٢٧ کەسیان بەتەواوی چاکبوونەوەتەوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی، تا ئێستا ١٠٤ حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمدا تۆمارکراوە بەجۆرێک ٦٨ توشبوو لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ٣٣ توشبوو لە پارێزگای هەولێر و دوو توشبووش لە دهۆک، لەو ژمارەیەش دوو حاڵەتی گیان لەدەستدان و ٢٧ حاڵەتی چاکبوونەوەش تۆمارکراوە.