سەردێڕ:

دوای راگەیەندراوێکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، بانکی ناوەندیی لە هەرێم دانی بەگەیشتنی پارەکەی بەغدادا نا

فۆتۆ: 
2020-03-26

11901 جار خوێندراوەتەوە

دوای راگەیەندراوێکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، کە تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەغدا موچەی فەرمانبەرانی ناردوە بەڵام حکومەتی هەرێم دابەشى ناکات، بانکی ناوەندی عێراق لە هەرێم رایگەیاند پارەی موچەی فەرمانبەران گەیشتووە و ئامادەیە بۆ دابەشکردن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە روونکردنەوەیەکدا جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بۆ دابەشکردنى موچە چاوەڕێی پارەکەى بەغدان و هەرکاتێک گەیشت دەست بەدابەشکردنى موچەى سەرجەم وەزارەتەکان دەکەن بە میکانیزمێک کە ڕەچاوی ڕێنماییە تەندروستییەکان بکرێت .

دواتر لە راگەیاندراوەکدا فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، خەڵک لەم کاتەدا زۆر دڵسۆزانە پابەندی ڕێنماییەکان بووە، بەغدا موچەی فەرمانبەرانی بۆ مانگی ١٢ ى ناردوە، بەڵام حکومەت تا ئێستا هیچ پڕۆژەیەکی نەبووە بۆ چارەسەرکردنی خراپی دۆخ و گوزەرانی خەڵک و موچە دابەشناکات.

دوای راگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، عابد مزوری بەرێوەبەری بانکی ناوەندیی عێراق لە هەرێم بە ئین ئاڕ تی راگەیاند، " ٤٥٣ ملیار دیناری پارەی بەغدا گەشتووەتە هەولێر و وەزارەتی دارایی هەرێم دەتوانێت بە رێکارەکانی خۆی دەستبەدابەشکردنی بکات."

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی ٨ی ئازاری ساڵی رابردوودا پاشەکەوتی موچە هەڵگیرا و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا ١٢ موچەی بێ پاشەکەوتی سەرجەم وەزارەتەکان دابەشکراوە و لەگەڵ هاتنی کۆرۆنادا یەکەم وەزارەت موچەی وەزارەتی تەندروستیی دابەشکرا کە ئەوە ١٣هەمین موچەی ئەو وەزارەتەبوو بەبێ پاشەکەوت دابەشبکرێت و تاوەکو ئێستا موچەی وەزارەتەکانی دیکە دابەشنەکراوە.