سەردێڕ:

هەرێم هەناردەکردنی هێلکەی بۆ دەرەوە قەدەغەکرد

فۆتۆ: 
2020-03-26

8674 جار خوێندراوەتەوە

بەپێى نووسراوێكی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم، كە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی كردووە، ھەناردەكردنی ھێلكە بۆ دەرەوەى هەرێم قەدەغەکرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەپێى نووسراوێکی وەزارەتی ناوخۆ كە واژۆی سامی جەلال بەڕێوەبەری گشتی دیوانی بەسەرەوەیە و تێیدا ھاتووە، "لەسەر داواكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و رەزامەندی وەزیری ناوخۆ، كاری پێویست ئەنجامبدەن بە قەدەغەكردنی ھەناردەی ھێلكە بۆ دەرەوەی ھەرێمی كوردستان".

لەلایەکی دیکەوە، دوێنێ چوارشەممە، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی هەرێم لە میانی بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، بەرهەمهێنانى هێلکە لە هەرێم بەشی پێداویستى ناوخۆیی ناکات، بۆیە نرخەکەی بەرزبووەتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئێران و دواتر گەیشتنی بە عێراق و هەرێم، سەرەڕای بەردەوامی جوڵەی بازرگانی هێشتا بەشێکی هاوڵاتییان باس لەوە دەکەن نرخی هەندێک کەل و پەل و پێداویستییەکان بەرزبوونەتەوە یان کەمتر دەستدەکەون.

هـ.ئـ