سەردێڕ:

حکومەتی هەرێم لەبارەی دابەشکردنی موچەوە روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2020-03-26

34242 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژى حکومەتى هەرێم رایگەیاند، بۆ دابەشکردنى موچە چاوەڕێی پارەکەى بەغدان و هەرکاتێک گەیشت دەست بەدابەشکردنى موچەى سەرجەم وەزارەتەکان دەکەن بە میکانیزمێک کە ڕەچاوی ڕێنماییە تەندروستییەکان بکرێت .

جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، "وەزارەتەکانی (پێشمەرگە، تەندروستی، دارایی و ئابوری، ناوخۆ) موچەیان وەرگرتووە و لە گوژمەی پێویست لە داهاتی هەرێم دابین کرابوو."

ئەوەشى خستووەتەڕوو،" بەهۆی ئەو دۆخە تەندروستیە و ڕاگیرانی دەوامەوە لە بەغدا، هاتنی ئەو تەمویلە دواکەوتووە، بۆ ئەو مەبەستە وەزیری دارایی وئابوری هەرێم لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە".

راشیگەیاندووە، " سەرجەمی موچەی موچەخۆران بۆ هەر مانگێک لە هەرێمی کوردستاندا بریتییە لە ٨٩٤ ملیار دینار، لەو بڕە ٤٥٣ ملیار دینار لە بەغداوە تەمویل دەکرێت، کە دەکاتە نزیکەی ٥١٪ کۆی پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی موچە".

وتەبێژى حکومەتى هەرێم باسی لەوەشکردووە، " ئەمڕۆ رۆژی ئەوەیە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا هاوکاری یەکتر بین تاکو هەموو پێکەوە بەسەر مەترسیی ئەم پەتایە و کاریگەرییەکانی زاڵ ببین".

ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیاربوو دوای دابەشکردنی موچەی وەزارەتی تەندروستیی، موچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردووی وەزارەتی پەروەردە دابەشبکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دابەشنەکراوە.

لە رۆژی ٨ی ئازاری ساڵی رابردوودا پاشەکەوتی موچە هەڵگیرا و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا ١٢ موچەی بێ پاشەکەوتی سەرجەم وەزارەتەکان دابەشکراوە و لەگەڵ هاتنی کۆرۆنادا یەکەم وەزارەت موچەی وەزارەتی تەندروستیی دابەشکرا کە ئەوە ١٣هەمین موچەی ئەو وەزارەتەبوو بەبێ پاشەکەوت دابەشبکرێت و دابەشکردنی موچەی وەزارەتەکانی دیکە راگیراوە.