سەردێڕ:

هەولێر.. دوو شوفێر بەتۆمەتی بە قاچاغهێنانی ٢٠ کەس دەستگیرکران

فۆتۆ: 
2020-03-26

5786 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسى هاتوچۆى هەولێر ڕایگەیاند، "لەسەر رێگای هەولێر - گوێر دوو ئوتومبێل دەستیان بەسەرداگیرا کە ٢٠ هاوڵاتى ناوچەکانى خواروو و ناوەڕاستى عێراقی تێدابووە و بەنیازبون بە ناياسايی و بێ پشکنین بیانهێننە ناو هەولێر."

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ ى ئازارى ٢٠٢٠، بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى هاتوچۆى هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرنشینەکانى ئەو دوو ئۆتۆمبێلە رەوانەى پشکنینی پزیشکی کران، شوفێرەکانیش رادەستى پۆلیس کران بۆئەوەی بدرێنە دادگا.

ئاماژەبەوەشکراوە، "لەکاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا، شوفێرەکان وتویانە ئەوانە کرێکاری کۆمپانیان و دواتر دەرکەوت کە ئەوانە کرێکاری ئەو کۆمپانیایانە نین."

هاتوچۆى هەولێر داواشیکردووە، "هەوڵی تێکدانی ئاسایشی تەندروستی هەرێم نەدرێت، چونکە رێکارییەکان زۆر توندن لەو حاڵەتانەدا".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ١٤ی ئازارەوە ماوەی ١٢ رۆژە قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمدا جێبەجێدەکرێت، بەشێکی هاوڵاتیانیش سەردانی قائیمقامییەتی قەزاکان دەکەن بە مەبەستی وەرگرتنی فۆڕمی رێگەپێدانی هاتوچۆکردن.