سەردێڕ:

نیویۆرک.. ژمارەى توشبووانى کۆرۆنا ٣٠ هەزارى تێپەڕاند

فۆتۆ: 
2020-03-25

1822 جار خوێندراوەتەوە

حاکمى ویلایەتى نیویۆرک رایگەیاند، زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس لە ویلایەتەکە تووشى کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش ٢٨٥ کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئەندریۆ کۆومۆ، حاکمى ویلایەتى نیویۆرک لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەى بەوەکردوو، ئەمڕۆ چوارشەممە پێنج هەزار و ١٤٦ توشبووى نوێ بە کۆرۆنا تۆمارکراون، بەوەش ژمارەى توشبووان لەو ویلایەتە گەیشتە ٣٠هەزار و ٨١١ توشبوو، چاوەڕواندەکرێت لە کاتژمێرەکانى داهاتوودا ژمارەکە زیاتر بەرزبێتەوە.

لەبارەى ئامارى گیانلەدەستدانەکانیشەوە، حاکمى نیویۆرک رایگەیاندووە، ئەمڕۆ ٧٥ حاڵەتى نوی تۆمارکراوە و بەوەش ژمارەى گیانلەدەستدان لەو ویلایەتە بۆ ٢٨٥ کەس بەرزبووەتەوە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، لە ئێستادا  سێ هەزار و ٨٠٥ لە توشبووەکان لە نەخۆشخانەکاندا داخڵکراون و لەو ژمارەیەش تەنها ٨٨٨ توشبوویان تەندروستیان خراپە و لە ژێر چاودێرى ورددان.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەپێى ئامارەکانى حکومەتى ئەمریکا، تائێستا ٦٠ هەزار و ٦٥٣حاڵەتى توشبوون و ٨١٩ حاڵەتى گیانلەدەستدان لەو وڵاتە تۆمارکراوە و ٣٨٧ توشبووش چاکبوونەتەوە.