سەردێڕ:

٢٨ پەرلەمانتار داوا لە حکومەت دەکەن دابەشکردنی موچە دوانەخات

فۆتۆ: 
2020-03-25

18329 جار خوێندراوەتەوە

٢٨ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەن کە "بە هیچ پاساوێك" دابەشكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دوانەخات.

لە راگەیەندراوێکدا کە واژۆی ٢٨ ئەندامی پەرلەمانی کوردستانی لەسەرە و بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیان ناردووە، هاتووە، "ئێمەی پەرلەمانتاران داوادەكەین چیتر بەهیچ پاساوێك دابەشكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دوانەكەوێت".

ئاماژەیان بەوەشداوە، "بەتایبەتیی كە لە ئێستادا توێژی فراوانی موچەخۆرانی هەرێم، سەرەڕای گیرۆدەبوونیان بەم ڤایرۆسە، لە دۆخێكی سەختی گوزەراندان و ئەمەیش كاریگەریی بەسەر ژیانیان و دابینكردنی خواردن و پێداویستییە رۆژانەییەكانیانەوە دروستكردوە".

باسیان لەوەشکردووە، "داواكارین پێش كۆتایی ئەم مانگە، موچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو دابەشبكرێت و میكانیزمێكی گونجاویش دابنرێت بۆ دابەشكردنەكە، بەجۆرێ‌ كە رەچاوی تەندروستیی هاوڵاتیان بكرێت لە تەشەنەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنادا".

ئەمەش لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بیانوی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆوە دابەشکردنی موچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردووی راگرتووە یاخود پرۆسەی دابەشکردنەکە بە سستی بەڕێوەدەچێت.