سەردێڕ:

​کۆنگرێسی ئەمریکا دوو ترلیۆن دۆلار بۆ روبەڕوبوونەوەى کۆرۆنا تەرخاندەکات

فۆتۆ: 
2020-03-25

1826 جار خوێندراوەتەوە

کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا و بەرگرتن لە داڕوخانی ئابوری وڵاتەکەیان، بڕی دوو ترلیۆن دۆلار تەرخاندەکات.

ماڵپەڕی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، سەرۆکی کۆمارییەکان و دیموکراتەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا گەیشتوونە رێککەوتنێک کە تێیدا، بڕی دوو ترلیۆن دۆلار بۆ ڕێگرتن لە  بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا تەرخاندەکرێت و ئەوەش گەورەترین بڕی تەرخانکراوە لە مێژووی کۆنگرێسدا.

باس لەوەشکراوە، میچ مەکۆنێڵ، سەرۆکی کۆمارییەکانی کۆنگرێس رایگەیاندووە، "دوای مشتومڕێکی زۆر، ئێمە لە ئەنجومەنی پیران گەیشتین بە رێککەوتنێکی مێژووی بۆ روبەڕوبوونەوەی پەتا جیهانییەکە."

لای خۆشییەوە، چەک شەمەر، سەرۆکی دیموکراتەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا رایگەیاندووە، "گەورەترین پاکێجی ئابوریمان لە مێژووی ئەمریکادا بۆ رزگاربوون لە دۆخی کۆرۆنا ئامادەکردووە."

ماڵپەڕەکە ئاماژە بەوەدەدات، ئەگەرچی هێشتا پەسەند نەکراوە و ئەمڕۆ چوارشەممە دەنگی لەسەر دەدرێت، بەڵام بەپێی پلانی کۆنگرێس، بڕی ٢٥٠ ملیار بۆ هاوکاری خەڵکی وڵاتەکە دەبێت و بەشێوەی راستەوخۆ دابەشدەکرێت بەسەریاندا، ٣٥٠ ملیار بۆ قەرزی بزنسی بچوک دەبێت و بڕی ٥٠٠ ملیاریش بۆ هاوکارییکردنی کۆمپانیاکان دێت تا لە مایەپوچبوون بیانپارێزێت.

هاوکات، هەر بەپێی پلانەکە، بڕی ٥٠ ملیاری بۆ کۆمپانیاکانی بواری فڕۆکەوانی دەبێت کە لەمکاتەدا گەشتەکانیان وەستاوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ژمارەی توشبووان لە ئەمریکادا بە خێرایی گەشە دەکات و لە ئێستادا بە نزیکەی ٥٥ هەزار توشبوو لە پلەی سێیەمی ئەو وڵاتانەدا دێت کە زۆرترین رێژەی توشبوونیان تێدا تۆمارکراوە.