سەردێڕ:

حکومەتی هەرێم بودجەیەکی تایبەتی بۆ دەربەندیخان تەرخانکرد

فۆتۆ: 
2020-03-25

3538 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بۆ روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بودجەی تایبەت بۆ بەشی تەندروستیی قەزای دەربەندیخان  تەرخانکراوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێم، بودجەیەکی تایبەت بۆ ئیدارە و بەشی تەندروستی قەزای دەربەندیخان تەرخانکرا بۆ روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا".

دەشڵێت، "حكومەت بەپێی توانا یارمەتی ئەو قەزا و ناحیە و ئیدارە سەربەخۆیانە دەدات، كە رێژەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایان لە ناوچەكانی دیكەی ھەرێم زیاترە".

داواشی لەهاوڵاتییان کردووە لەماڵەکانیان بمێننەوە، "مانەوە لە ماڵەكانیان، سەرەكیترین چارەسەرە بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەم پەتایە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، "پێویستە دەربەندیخان بەتەواوی کەرەنتین و ڕووپێوی پشکنین بکرێت، چونکە زۆنی ترسناکی بڵاوبوونەوەیە".

تا ئێستا ١٣ کەس لە قەزای دەربەندیخان توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و دواین ئاماری توشبووانیش لە هەرێم، تا ئێستا ٩٧ حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمدا تۆمارکراوە بەجۆرێک ٦٧ توشبوو لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ٢٨ توشبوو لە پارێزگای هەولێر و دوو توشبووش لە دهۆک، لەو ژمارەیەش دوو حاڵەتی گیان لەدەستدان و ٢٧ حاڵەتی چاکبوونەوەش تۆمارکراوە، کە سەرجەم چاکبوونەوەکان لە پارێزگای سلێمانین.

هـ.ئـ