سەردێڕ:

پەیوەندى نێوان بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا و کەش و هەوا ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-03-24

66160 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەکى نوێى زانستى دەریخستووە، کەش و هەوا و ژینگە رۆڵى گەورەى هەیە لە ڕاگرتنى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆناى نوێ، لەگەڵ گرتنەبەرى رێکارەکانى کۆنتڕۆڵکردنى پەتاکە.

رۆژنامەى نیۆرک تایمز، توێژینەوەیەکى نوێى شیکارى تیمێکى زانایانى پەیمانگاى ماساتشوستسى بۆ تەکنەلۆجیا بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، ئەو کۆمەڵگایانەى کە لە ناوچە گەرمەکان دەژین، زۆر بە کەمى ڤایرۆسى کۆرۆنا تێیاندا بڵاودەبێتەوە، بەراورد بە دانیشتوانى ئەو ناوچانەى کە ژینگەکەیان کەمتر گەرمن.

بەپێى تویژینەوەکە، بڵاوبوونەوەى زۆربەى حاڵەتەکانى توشبوون بە کۆرۆنا لەو ناوچانەدا بووە، کە پلەى گەرمییەکەیان لە نێوان ٣ بۆ ١٧ پلەى سەدیدا بووە.

یەکێک لە ئەندامانى تیمەکە بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، کاتێک پلەکانى گەرما نزمدەبنەوە رێژەى توشبووان بەرزدەبنەوە، وەک ئەوەى لە وڵاتانى ئەوروپا رویداوە، لەگەڵ ئەوەشدا چاودێرى تەندروستى لەو وڵاتانە لە باشترینەکانى جیهانن.

ئاماژەبەوەشکراوە، بەخێرایى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا لە ئەمریکا ئەوە دەسەلمێنێت کە پلەى گەرمى رۆڵى کاریگەرى هەیە لە رێگرى لە بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا، وەک ئەوەى لە ولایەتەکانى باشورى ئەمریکا هەیە وەک ئاریزۆنا و فلۆریدا و تەکساس بە کەمى بڵاودەبێتەوە و بەراورد بە ولایەتەکانى واشنتن و نیۆیۆرک و کۆلۆرادۆ کە بە خێرایى بڵاودەبێتەوە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، "لە ئیستادا پێویستمان بە گرتنەبەرى رێوشوێنى بەهێز هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما دەبێتە هۆى کەمتر چالاکبوونى ڤایرۆسەکە، بەڵام بەهێواشى بڵاوبوونەوەى ماناى کۆنترۆڵکردنى یەکجارەکى نییە".

دەشڵێت، "لەگەڵ بەرزبوونەوەى پلەى گەرمى قورس دەبێت بۆ ئەوەى ڤایرۆسەکە لە هەوادا زیندوبێت، یان لەسەر روى زەوى بۆ ماوەیەکى زۆر بمێنێت."

دیبۆرا بیرکس، ئەندامى تیمى روبەڕوبوونەوەى کۆرۆنا لە کۆشکى سپى رایگەیاندووە، بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا لە نیوەگۆى باکورى زەوى هاوشێوەى پەتاى سارسە کە لە ٢٠٠٣ بڵاوبووەتەوە و بەڵام قورسە دیاریبکرێت کە بڵاوبوونەکەى بەهەمان شێوەى سارسە.

بەپێى یەکێک لە توێژینەوە شیکارییەکانى ئیسپانیا و فینلەندا، ژینگەى لەبار بۆ بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا، ژینگەیەکى وشک کە پلەى گەرمییەکەى لە نێوان( ٢ بۆ ١٠ ) پلەى سەدیدا بێت.

بەپێى چەند توێژینەوەیەکى پێشتریش بڵاوکرابووەوە، کە رێژەى توشبوونى کۆرۆنا لە شارەکانى چین، ئەوانەى پلەى گەرمییان بەرزبووە و ژینگەیەکى شێداریان بووە زۆر بەکەمى زیادیکردووە، بەراورد بەو ناوچانەى کە کەش و هەوایەکى وشک و ساردیان هەبووە.

ئەوە لە کاتێکدایە، زۆربەى توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە، ڤایرۆسى کۆرۆنا ناتوانێت لە پلەى گەرمى بەرزدا بژى و بۆیە لە کاتى بەرزبونەوەى پلەى گەرمادا رێژەى توشبوون بە نەخۆشیەکە کەمدەبێتەوە.

بەپێى ئامارەکان، توشبووانى کۆرۆنا لە جیهاندا ٤٠٧ هەزارى تێپەڕاند و زیاتر لە ١٠٤ هەزاریش چاکبوونەتەوە و ١٨ هەزار و ٢٥٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

‌بەپەلە