سەردێڕ:

هەرێم.. لیژنەیەک بۆ رێکخستنەوە و وەرگرتنى باج لە خاڵەسنورییەکان پێکهێنرا

فۆتۆ: 
2020-03-24

2494 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتى هەرێم چەند لیژنەیەکى سەبارەت بە بەڕێوەچوونى کارەکان لە خاڵە سنورییەکان پێکهێنا و یەکێک لە لیژنەکانیش تایبەتە بە پێداچوونەوە و وەرگرتنى باج لە چەند کۆمپانیایەکى بوارى نەوت و ئینتەرنێت.

سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتیی ئەنجومەنى وەزیران لە نوسراوێکدا فەرمانى بە پێکهێنانى لیژنەیەک کرد بۆ پێداچوونەوە و وەرگرتنى باج لە کۆمپانیاکانى بوارى نەوت و غاز و ئەو کۆمپانیا ناوخۆییانەى گرێبەستى خزمەتگوزارییان لەگەڵ کۆمپانیاکانى نەوت هەیە، کۆمپانیاکانى بوارى ئاسایشی نەوت و کۆمپانیاى بوارى ئینتەرنێت و گوندەکانى نیشتەجێبوون تایبەت بە باجى خانووبەرە.

هاوکات، لە نوسراوێکى دیکەدا فەرمانى دا بە پێکهێنانى لیژنەیەک بە مەبەستى پێداچوونەوەى سەرجەم بڕیار و رێنماییەکانى تایبەت بە لێبوردنى گشتیى گومرگی .

بەپێی دوو نوسراوی دیکەى سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتیی هەرێم، لیژنەیەک بە سەرۆکایەتى ئاوات جەناب وەزیرى دارایی پێکدەهێنن بە مەبەستى پێداچوونەوە بە گشت گرێبەستەکانى خزمەتگوزاریی لە سەرجەم خاڵە سنورییەکان کە لە ئێستادا هەن، هەروەها لیژنەیەکیش بە سەرۆکایەتى رێبەر ئەحمەد وەزیرى ناوخۆى هەرێم پێکدەهێنن کە بەدواداچوون بۆ بارودۆخى سەرجەم خاڵە سنورییەکان دەکات.

بڕیارى پێکهێنانى ئەو لیژنانە لە دواى کۆبوونەوەى ٢٠ى ئازارى ٢٠٢٠ى لیژنەى باڵاى رێکخستنەوەى داهات و خەرجییە گشتییەکان دراوە.