سەردێڕ:

ئامێرێکى نوێى پشکنینى کۆرۆنا دروستکرا

فۆتۆ: 
2020-03-24

61071 جار خوێندراوەتەوە

زانایانى زانکۆى ئۆکسفۆرد ئامێرێکى نوێى پشکنینیان بۆ کۆرۆنا داهێناوە کە دەتوانرێت لە ماڵەوە بەکاربهێنرێت و نرخەکەی نزیکەی ٢٥ دۆلار دەبێت و و لەماوەی ٣٠ خولەکدا ئەنجامی پشکنینەکان ئاشکرادەکات.

زينگفانج کوى، کە سەرپەرشتى تیمى دروستکردنى ئەو ئامێرەیان کردووە لە زانکۆى ئۆکسفۆرد ڕایگەیاند، سێ ڕێگایان لەبەردەستە بۆ ئەوەى ئەو ئامێرە بخرێتە بازاڕەوە بە نرخێکى زۆر هەرزان و هاوڵاتییان بتوانن بە سادەیى لە ماڵەکانیاندا بەکارى بهێنن.

ئاماژەى بەوەشکردووە، رێگاى یەکەم تاقیکردنەوەى ئامێرەکەیە لەسەر چەند نەخۆشێک، دووەم رەزامەندی وەرگرتنى حکومەت، کە پشت بە ئەنجامى تاقیکردنەوەکانى سەر نەخۆشەکان دەبەستێت، سێیەم رێگاش هاندانى کۆمپانیاکانە بۆ بەرهەمهێنانى ئامێرەکە بەشێوەیەکى فراوان.

سەرپەرشتیارى تیمەکە ڕاشیگەیاند، تیمەکەى لە ئێستادا لە زانکۆى ئۆکسفۆرد ئامێرەکەیان تاقیکردووەتەوە بە پشکنینى چەند نەخۆشێک لەماوەى ٣٠ خولەکدا ئەنجامەکەى بەردەست دەبێت و بە تێچوویەکى زۆر کەمیش و لە هەرشوێنێک دەتوانرێت ئەو کارە بکرێت ئەگەر لە تاقیگەکانیشدا نەبێت و هیواشیان وایە لە ماوەى دوو هەفتەى داهاتوو تا مانگێک هەنگاوەکانیان کۆتایى بێت.

تیمە پزیشکییەکە لە زانکۆى ئۆکسفۆرد، ماوەى دوو مانگە بە هاوکارى کۆمپانیایەکى پزیشکى چینى کار لەسەر دروستکردنى ئەو ئامێرە دەکەن کە تێچووەکەى لە ٢٥ دۆلار تێپەڕ ناکات.

ئامێرە نوێیەکە، چەند مەوادێکى کیمیایى و ئەنزیمەکانى تیا بەکاردێت، لە کاتى پشکنینەکاندا کاتێک رەنگى پەمەیی دەگۆڕێت بۆ رەنگى زەرد واتە کەسەکە توشبووى ڤایرۆسى کۆرۆنایە.

لە دواى سەرهەڵدانى ڤایرۆسى کۆرۆناى نوێ لە چین و پاشان بڵاوبوونەوەى لە زۆربەى وڵاتانى جیهاندا، لە تاقیگە ئاسایى و کۆنەکاندا ئەنجامى پشکنین ماوەى ٢٤ کاتژمێر دەخایەنێت و هەندێجاریش بۆ دەرکەوتنى ئەنجامەکان ماوەى زیاترى پێویستە.

‌بەپەلە