سەردێڕ:

ئەمریکا.. پیاوێک لە دوای بەکارهێنانی فۆسفاتی کلۆرۆکوین لە بری دەرمانی مەلاریا گیانیلەدەستدا

فۆتۆ: 
2020-03-24

7328 جار خوێندراوەتەوە

ژن و پیاوێکی ئەمریکی بە مەبەستی خۆپاراستنیان لە کۆرۆنا، دەرمانی فۆسفاتی کلۆرۆکوینیان بەکارهێناوە کە ناوەکەی لە دەرمانی مەلاریاوە (کلۆرۆکوین) نزیکە بەو هۆیەشەوە پیاوەکە گیانیلەدەستداوە.

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، ژن و پیاوێکی ئەمریکی لە ویلایەتی ئەریزۆنای ئەو وڵاتە، بیستویانە کە دەرمانی کلۆرۆکوین "بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا باشە"،  بە مەبەستی خۆپاراستن لەو نەخۆشیەش دەرمانی پاککردنەوەی حەوزی ماسییان خواردووە کە ناوەکەی لەهەمان دەرمانەوە نزیکبووە.

ژنی ئەو پیاوەی گیانی لەدەستداوە بە تەلەفزیۆنی ئێن بی سی راگەیاندووە، کە لە چەند رۆژی رابردوودا، گوێیان لێبووە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باسی لە سودە کاریگەرەکانی دەرمانی کلۆرۆکوین کردووە و ئەوانیش بەبێ بەدواداچوون وایان زانیووە مەبەستى فۆسفاتی کلۆرۆکوینە کە لە ماڵەوە هەیانبووە و  بەکاریان هێناوە.

ژنەکە ئاماژەی بەوەشداوە، کە پێشتر  فۆسفاتی کلۆرۆکوینی بۆ پاککردنەوەی حەوزی ماسی بەکارهێناوە.

دوای قسەکانی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی کلۆرۆکوینەوە، ژنەکە بە هاوسەرەکەی وتووە، "ئەو دەرمانەی سەرۆک باسیدەکات خۆمان هەمانە" و پاشان بڕیاریانداوە تێکەڵی هەندێک شلەی دیکەی بکەن و بەمەبەستی رێگرتن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا خواردویانە.

بەپێی گێڕانەوەی ژنەکە، دواتر لەماوەی تەنیا ٢٠ خولەکدا، توشی سەرئێشە و رشانەوە هاتوون و بە خراپی نەخۆشکەوتوون. پاش هاتنی تیمی فریاگوزاریی و گەیشتنیان بە نەخۆشخانە، هاوسەرەکە گیانیلەدەستداوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، زۆرێک لەو وڵاتانەی بە سەختی گیرۆدەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتوون، هەوڵیانداوە دەرمانی کلۆرۆکوینی دژە مەلاریا بەکاربهێنن و سودی هەبووە لە باشترکردنی هەلومەرجی توشبووەکە، بەڵام هەرگیز بۆ رێگریکردن لە توشبوون باس لەو دەرمانە نەکراوە.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، کە تەنانەت لە حاڵەتی توشبوونیش بە کۆرۆنا، پێویستە لەژێر رێنمایی پزیشکدا، دەرمانی کلۆرۆکوینی دژە مەلاریا بەکاربهێندرێت.

‌بەپەلە