سەردێڕ:

​​كاریگه‌رییه‌كانی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و كۆرۆنا له‌سه‌ر ئابوری عێراق و هەرێم

فۆتۆ: 
2020-03-24

3730 جار خوێندراوەتەوە

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە جیھاندا، کاریگەری گەورەی کردووەتە سەر ژێرخانی ئابووری وڵاتان، تەنانەت لە ھەندێک وڵاتدا جموجوڵی بازرگانیش سست ووە، ئەو وڵاتانەیشی کە پشتیان بە یەک سەرچاوەی ئابوری بەستووە زیاتر کەوتوونەتە ژێر کاریگەری خراپی ئابوری.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و دوای ئەوەی ھەشتی ئەم مانگە نەوت نزیکەی سەدا ٢٧ی بەھاکەی لەدەستدا کە لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردووە وەک خراپترین ھەفتە ناوی برا کاریگەریی زیاتری کردووەتە سەر کەرتی ئابوری لە جیھاندا، پڕۆفیسۆرێکی دارایی گشتیش ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم دابەزینە پەیوەندی بە ململانێی نێوان ھەردوو وڵاتی سعودیە و روسیا ھەبوو، جەختیش لەوەدەکاتەوە کە ھەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا رۆڵی ھەبوو لە سستکردنی کەرتی ئابوری جیھاندا.

لەمبارەیەوە، سەباح سابیر خۆشناو، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر بە ئەنادۆڵی ڕاگەیاندووە، ''نەوت وەکو کاڵایەک، سێ رەھەندی سەرەکی ھەیە کە بریتین لە؛ رەھەندەکانی ئابوری، سیاسیی و ستراتیجی، ھەربۆیەش ئەم کاڵایە زۆرجار بۆ مەبەستی سیاسیی بەکاردێت، ئەو ململانێیەی لەنێوان سعودیە و روسیادا ھەبوو مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چوار ساڵ لەمەوبەر کە گفتوگۆ و رێککەوتن ھەبوو بۆ ئەوەی بتوانن بازاڕی جیھان بەشێوەیەک رێکبخەنەوە و رێکخستنەوەکەی بەشێوەیەک بێت کە نرخ بەرز بکەنەوە، ئەوەبوو نرخی نەوت تا ٧٠ دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانی بوو کە ئەو رێککەوتنە شکستیھێنا، بۆیەش سعودیە بۆ دژایەتیکردنی روسیا، نرخی نەوتی خستەڕوو بە ٣٣ دۆلار، کە ئەمەش بەیەکجاری ئینھیاری بە نرخ کرد''.

ئەو پرۆفیسۆرە، بەراوردکاریی ھێزی خستنەڕووی نەوتی رۆژانەی ھەردوو وڵاتی سعودیە و روسیا دەخاتەڕوو و ئاماژە بەوەش دەکات سعودیە دەیەوێت روسیا لە چوارچێوەی خۆی بھێڵێتەوە و لەمبارەیەوە گوتی، "روسیا رۆژانە ١١ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار بەرمیل دەخاتەڕوو، بەڵام سعوودیە ١٠ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل دەخاتەڕوو، ئەمەش کاریگەری نەرێنی دروستکرد لە لایەک و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش رۆڵی ھەبوو لەم بوارەدا، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکیان پەیوەندی بەوە ھەیە کە روسیا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەستێکی درێژی ھەیە و رۆڵی ھەیە بەتایبەتی لە سوریادا، دەتوانین بڵێین سعوودیە یەکێک لە ئامرازەکانی ئەمریکایە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دەیەوێت وا بکات کە روسیا لە قاڵبی خۆی بھێڵێتەوە، دەبێت ئەوەمان لەبیرنەچێت تێچووی دەرھێنانی یەک بەرمیل نەوت لە رووسیا ١٧ دۆلارە بەڵام لە سعوودیە ١٠ دۆلارە، ئەمەش وا دەکات رووسیا کەمتر بەرگە بگرێت''.

دکتۆر سەباح خۆشناو ئەوەشی وتووە، ''ھۆکارێکی دیکە ھەیە ئەویش سعودیە یەک بەرمیل نەوتی لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ بە ٥٥ دۆلار خەمڵاندووە، بەڵام رووسیا بە ٤٢ دۆلار و ٤٠ سەنتی خەمڵاندووە، رووسیا بەپێی پلانەکەی بڕی دە ملیار دۆلار زیادەی دەبێت لە بوودجەدا، بەڵام سعوودیە نزیکەی ٥٠ ملیار دۆلار کورتھێنانی دەبێت''.

لەبارەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئابووری جیھان لەسەر عێراق بە گشتی و ھەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی وتوویەتی ''عێراق لە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ یەک بەرمیل نەوتی بە ٥٦ دۆلار خەمڵاندووە، ئەمەش گاپێکی گەورە دروست دەکات، چونکە عێراق ئێستا سێ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل ھەناردە دەکات و لە پلانی ستراتیجیدا بوو کە بیگەیەنێتە چوار ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، بەڵام نەیتوانی، بۆیە ئەگەر لەگەڵ ھەرێمی کوردستان رێککەوتنێک بکات لەسەر ٢٥٠ ھەزار بەرمیلەکە ئەوا رەنگە بتوانێت قەرەبووی خۆی بکاتەوە''.

ئاماژە بەوەشدەکات کە عێراق بڕێکی زۆری یەدەگی ھەیە و ئەمەش وا دەکات زیاتر پشتی بەھێز بێت و لەمبارەیەوە دەڵێت، "ئەوەی زیاتر پشتی عێراقی گرتووە ئەوەیە، ئەو بڕە یەدەگەی کە ھەیەتی نزیکەی ٦٠ ملیار دۆلاری لە بانکی مەرکەزی ھەیە، بەڵام ئەو یەدەگە ناکرێت تەنھا بۆ موچە بەکاربھێندرێت، چونکە ئەو یەدەگانە لەلایەن سیاسەتی نەختینەیی دادەڕێژرێت و بانکی ناوەندی دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە، بۆیە ئامانجی ستراتیجی ئەوەیە کە نرخەکان جێگیر بکات بەتایبەتی دینار بەرامبەر بە دۆلار، ھەروەھا بەپێی دوایین لێدوانی پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، عەلی عەلاق دەڵێت ئێمە موچەی نۆ مانگمان ئامادەیە، واتا ساڵی ٢٠٢٠ کێشەی مووچەمان نابێت، بەڵام ئەگەر ساڵی ٢٠٢١ نرخی نەوت ھەروا بەردەوام بێت ئەوا بە دڵنیایییەوە رەنگە کێشەیەکی گەورە بۆ عێراق دروست بکات، بەڵام زۆربەی شارەزایان پێشبینی ئەوە دەکەن نرخی نەوت لە مانگی ئاب بەدواوە بەرەو بەرزبوونەوە بچێت، بەھۆی نەمانی 'ڤایرۆسی کۆرۆنا' و کاڵبوونەوەی ململانێی نێوان سعودیە و روسیا، بۆیەدۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ھاتووەتە سەر ھێڵ لەگەڵ سعودیە و پێشبینی دەکەین نرخی نەوت تا مانگی ئاب بۆ ٥٠ دۆلار بەرزبێتەوە''.

سەباح سابیر لەبارەی ئەوەی کە ئەگەر نرخی نەوت بەرزنەبووەوە و ھەر بەمشێوەیە ئێستا مایەوە  دەڵێت، ''ئەگەر نرخی نەوت ھەروا بێت ئەوا ساڵی داھاتوو عێراق تووشی داڕمان دێت و دەبێت چاکسازییەکی ریشەیی بکات لە بابەتی مووچەخۆراندا، فرەجۆریشی بکات بۆ ئەوەی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی پەرەپێبدات، ئێستا زیاتر لەسەدا ٩٠ی داھاتی عێراق پشتی بە نەوت بەستووە و ئەمەش ئاڵنگارییەکی زۆری دەوێت، چونکە ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەرییەکی نەرێنی دروستکرد لەسەر پیشەسازی، بۆ نمونە وڵاتی چین سەدا ٢٠ی کۆی پیشەسازی جیھان پێکدێنێت و سەدا ٥٠ی تووش پووکانەوەی کرد، ھەر بۆ زانیاری، وڵاتی چین رۆژانە ١٣ ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ پیشەسازییەکانی خۆی بەکاردەھێنێت، دەتوانین بڵێین چین حەوت تا ھەشت ملیۆن بەرمیل خواستی کەم بووەوە لە جیھاندا، ئەمەش کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی خواست ھەبوو، بەڵام ئێستا پیشەسازی چین بەرەو کرانەوە دەچێتەوە و بەمەش رەنگە نرخی نەوت بەرزبێتەوە''.

ڕاشیگەیاندووە، ''بە دڵنیایییەوە کاریگەری لەسەر کەرتی ئابووری ھەیە و جومگە سەرەکییەکانی ژیان راوەستاوە، رۆژ بە رۆژ قورستر دەبێت ئێستا گەورەترین ئاڵنگاری لەبەردەم مرۆڤدا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە چونکە کاریگەری لەسەر بەرھەمھێنان دروستکردووە، بۆیە رەنگە لە کۆتایی ئەمساڵ ئابوری بەرەو باشتر بچێت''.