سەردێڕ:

ئەمریکا.. گەورەترین پێشانگای جیهان دەکرێتە نەخۆشخانە

فۆتۆ: 
2020-03-24

2780 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ویلایەتی نیویۆرک رۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بینای گەورەترین پێشانگای جیهان دەکرێتە نەخۆشخانە.

ئاندرو کوۆمۆ فەرمانڕەوای ویلایەتی نیویۆرک رایگەیاندووە، لەسەر داوای ئاژانسی بەڕێوەبردنی دۆخی لەناکاوی حکومەتی فیدراڵی ئەمریکا بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی فریاکەوتن، لایەنە پەیوەندیدارەکانی نیویۆرک دەستیانکردووە بە گۆڕینی ناوەندی جاڤتس کە گەورەترین پێشانگای جیهانە، بۆ نەخۆشخانە.

بڕیارە چوار نەخۆشخانەی فریاکەوتنی جیاواز لەسەر رووبەری ١٧٠ هەزار مەتری پێشانگاکەدا دروست بکرێت کە ٢٥٠ هەزار قەرەوێڵە لەخۆ دەگرێت و دەبێتە ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ.

لە راگەیەنراوێکیشدا فەرمانڕەوای ویلایەتی نیویۆرک ئەوەی ئاشکراکردووە، کە ژیان و مەرگی توشبووانی ڤایرۆسەکە، بەندە بە دروستکردنی ئەم نەخۆشخانەی فریاکەوتنانەوە، لە ئێستادا تەنها ٥٣ هەزار قەرەوێڵە هەن و ئەگەر خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لەبەرچاوبگیرێت ئەوا پێویستە ژمارەی قەرەوێڵەکان بکرێنە ١١٠ هەزار.

بەپێی ئامارەکان ویلایەتی نیویۆرک یەکێکە لەو ویلایەتانەی ئەمریکا کە زۆرترین تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی تیادایە کە نزیکەی ١٢ هەزار و ٣٠٥ حاڵەتی تووشبوون و ٩٨ حاڵەتی گیانلەدەستدانە.

‌بەپەلە