سەردێڕ:

سەیدسادق.. چوارکەس بە تۆمەتی پێشێلکردنی رێنماییەکان دەستگیرکران

فۆتۆ: 
2020-03-23

7234 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، بەتۆمەتی پێشێلکردنی بڕیار و ڕێنماییە تەندروستییەکان و بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆ، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی سەیدسادق چوار کەسیان دەستگیرکرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، "پاش ئەوەی زانیاری گەیشتە ھێزەکانی پۆلیس یەکێک لە سوپەرمارکێتەکانی سنوری قەزای سەیدسادق بەکاردەھێنرێ بۆ یاریکردنی تاوڵە و دۆمینە و گەنجانی لێکۆدەبنەوە، سوپەرمارکێتەکە داخرا، سێ کەسیش دەستگیرکرا و ڕوبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی کرانەوە".

راشیگەیاندووە، "لە لایەکی دیکەوە هەر لە لایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیدسادقەوە، کەسێک دەستگیرکرا کە ھۆڵی لەشجوانی کردبوەوە و پابەندی بڕیاری داخستنی ھۆڵەکانی لەشجوانی نەبووبوو".

باسی لەوەشکردووە، "لە ئێستادا ھێزەکانی پۆلیس ڕێوشوێنەکانیان توندتر کردووەتەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆ و بڕیار و ڕێنماییەکانی ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی".

هاوڵاتییانیش ئاگاداردەکەنەوە، "بۆ دووربوون لە لێپرسینەوەی یاسایی پێویستە پابەندی بڕیار و ڕێنماییەکانی ھەردوو وەزارەت بن"، داواش لە هاوڵاتییان دەکەن، "لە ماڵەکانیان بمێننەوە و پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن".

ئەوەش لە کاتێکدایە، پاش راگەیاندنی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ، هێشتا بەشێک لە هاوڵاتییان پابەندی رێنماییەکان نابن و لە چەند شوێنێکی گەڕەک و پارکی کۆڵانەکاندا کۆدەبنەوە و قەرەباڵغی دروستدەکەن.

هـ.ئـ