سەردێڕ:

چین: ئەمریکا لە شەڕی کۆرۆنادا کات بەفیڕۆدەدات

فۆتۆ: 
2020-03-23

14696 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، ئەمریکا لە شەڕی کۆرۆنادا "کاتێکی بەنرخ بەفیڕۆدەدات" و خەریکە دەیکات بە بابەتێکی سیاسی.

ژینگ شوانگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، "ئەمریکا پێویستە بوەستێت لە تێکەڵکردنی سیاسەت و بابەتی کۆرۆنا."

راشیگەیاند، "ئەمریکا پێویستە بوەستێت لە تۆمەتبارکردنی چین و وڵاتانی دیکەش."

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەردەوامە لە ناوبردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ڤایرۆسی چینی و رەخنەی ئەوە لەو وڵاتە دەگرێت کە زووتر، لەسەر ڤایرۆسەکە زانیاریی بە ئەمریکا نەداوە.

بەڵام وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی چین رەتیکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمدا، دەزگای بەرگرتن لە پەتا و نەخۆشی چین بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ دەزگای تەندروستی ئەمریکادا کردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەی پێنج رۆژە لە شاری وهانی چین، کە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەیە هیچ حاڵەتێکی توشبوون تۆمارنەکراوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، چین چەند رێکارێک بۆ بەرگرتن لە گەڕانەوەی ڤایرۆسەکە لە دەرەوەی وڵاتەوە دەگرێتەبەر کە رێکارەکان دەخوازن بەمەبەستی پشکنینی پزیشکی، گەشتە نێودەوڵەتییەکان و بە تایبەتی گەشتەکانی پەکینی پایتەخت بوەستێندرێن.