سەردێڕ:

تورکیا هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی کارگەکانی دروستکردنی ماسک دەکات

فۆتۆ: 
2020-03-23

15623 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی تورکیا رایگەیاند، ئەگەر بێت و کارگەکانی ماسک دروستکردنی ناوخۆیی بەرهەمەکانیان بە حکومەت نەفرۆشن، ئەوا دەستیان بەسەردا دەگرێت.

ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاندووە، دەبێت کاری لەپێشینەی کارگەکانی ماسک دروستکردن دابینکردنی بەرهەمەکانیان بێت بۆ ناوخۆی وڵاتەکە."

ئاماژەی بەوەشداوە، "ئێمە تاوەکو کاتژمێر هەشتی ئەمشەو مۆڵەت بە کارگەکانی دروستکردنی ماسک دەدەین کە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیدا رێککەوتننامە واژۆ بکەن، بە پێچەوانەوە دەستیان بەسەردا دەگرین."

باسی لەوەشکرد، "خۆمان بە نرخێکی باش لێیان دەکڕین و تاوەکو وڵات پێویستی پێی بێت، نابێت بینێرین بۆ شوێنی دیکە."

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەگەرچی تورکیا درەنگتر لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنای لێ تۆمارکرا، بەڵام بە زوویی لە ئاماری توشبووندا پێشی وڵاتێکی وەکو عێراق کەوتووە و نمونەی ئیتاڵیاش زەنگێکی مەترسیدارە بۆ هەموو وڵاتانی دنیا.

ژمارەی توشبوون لە تورکیادا بۆ هەزار و ٢٣٦ کەس و گیانلەدەستدانیش بۆ ٣٠ کەس بەرزبووەتەوە، بەڵام هێشتا هیچ حاڵەتێکی چاکبوونەوە تۆمارنەکراوە.