سەردێڕ:

"گەورەترین" تاقیکردنەوەی دەرمانی چارەسەری کۆرۆنا دەستیپێکرد

لەسەر ٣٢٠٠ توشبوو تاقیدەکرێتەوە
فۆتۆ: 
2020-03-23

43093 جار خوێندراوەتەوە

لەڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ئازاری ٢٠٢٠وە لە حەوت وڵاتی ئەوروپی تاقیکردنەوەی چوار دەرمانی پێشنیازکراو بۆ توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەژێر سەرپەرشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و بە بەشداری ٣٢٠٠ نەخۆش دەستیپێکرد.

دەزگای ئینسیرمی فەرەنسی بۆ توێژینەوە پزیشکییەکان ڕایگەیاند کە دەرمانە پێشنیازکراوەکان بریتین لە (هایدرۆکسی کلۆرۆکوین) کە پێشتر بۆ مەلاریا بەکارهاتووە، هەروەها (ریمدیسیڤر) کەپێشتر بۆ ئیبۆلا بەکارهاتووە، (لوبنافیر) بە تێکەڵاوکردنی لەگەڵ (ریتوفانیر) کە دەتوانرێت لەگەڵ دەرمانی (ئینترفیون بیتا) بدرێت بەنەخۆش یان بە بێ ئەو.

ئەو دەرمانانە ساڵانێکی زۆرە لە بازاڕ و نەخۆشخانەکاندا هەن، بۆیە مەترسی زۆریان نییە بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ گەر لەژێر ڕێنمایی پزیشک بەکاربهێنرێت بۆیە لەسەر ئەو ژمارە زۆر لە نەخۆش تاقیدەکرێتەوە.

ئەو ٣٢٠٠ توشبووە لە وڵاتەکانی بەلجیکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا، لوکسۆمبۆرگ، ئیسپانیا و هۆڵەندان. هەروەها هەر دوێنێ هەر یەک لە وڵاتانی سوید و نەرویج دەستپێکردنی تاقیکردنەوەی دەرمانی (هایدرۆکسی کلۆرۆکوین) یان ڕاگەیاند.

لەبەرئەوەی تاقیکردنەوەکان لەسەر توشبووانن، پێدەچێت لەماوەی یەک بۆ دوو هەفتە ئەنجامی کۆتایی توێژینەوەکان دەربچێت لەسەر کاریگەری دەرمانەکان. سەرجەم تاقیکردنەوەکانی پێشووتر لەسەر ئەم دەرمانانە ئەنجامی باش و دڵخۆشکەری هەبووە.

ئەم دەرمانانە ڤاکسین نین، واتە بۆ کەسی تەندروست نییە و لە توشبوون ناتپارێزێت! تەنها چارەسەری توشبووان دەکات! بەکارهێنانی بێ ڕێنمایی پزیشک مەترسی لەسەر تەندروسیت دروستدەکات! هەر یەکێک لەم دەرمانانە سەرکەوتووبێت دەتوانرێت لە کارگەکانی بەرهەمێهنانی دەرمان لە هەرێمی کوردستان بەرهەمبهێنرێت بە تایبەتی دەرمانی (هایدرۆکسی کلۆرۆکوین).

سەرچاوە: فرانس پرێس