سەردێڕ:

​ئەمریکا.. بەهۆی جگەرەیەکەوە تۆمەتباری کوشتنی ژنێک دوای ٣٥ ساڵ دەستگیرکرا

فۆتۆ: 
2020-03-23

7868 جار خوێندراوەتەوە

 لە ڕێگەى پشکنینی دی ئێن ئەیەکەیەوە، دوای ٣٥ ساڵ پیاوێکی ئەمریکی بە تاوانی دەستدرێژی و پاشان کوشتنی ژنێک دەستگیرکرا.

ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردەوە، دانێڵ وێڵسی تەمەن ٥٧ ساڵ، ٣٥ ساڵ لەمەوبەر تۆنیا ماکینلی ٢٣ ساڵانی کوشتووە و دواتر تەرمەکەی لە بەرەبەیانی رۆژی ١ی ١ی ١٩٨٥دا دۆزرایەوە.

پۆلیسی ویلایەتی فلۆریدا رایگەیاندووە، بۆ ماوەی ٣٥ ساڵە بەدوای کەیسەکەوەن و تا ئێستا لێپێچینەوەیان لە دەیان کەس کردووە، بەڵام بەدرێژایی چەند نەوەیەکی پۆلیس، هێشتا نەتوانراوە تاوانبارەکە دەستنیشان بکرێت.

راشیگەیاندووە، دی ئێن ئەی بەجێماوی بکوژەکە بەسەر جەستەی ژنە ٢٣ ساڵانەکەوە مابووەوە، بەڵام لەگەڵ هیچ داتابەیسێکدا یەکی نەدەگرتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەم دوو ساڵەی دوایدا بڕیاریانداوە دی ئێن ئەیە بەجێماوەکەی بکوژەکە لەگەڵ نمونەی دی ئێن ئەیەکانی سایتێکدا بەراورد بکەن کە خەڵکی بۆ دۆزینەوەی کەسوکاری ونبویان تێیدا دایدەنێن و دەرکەوتووە لەگەڵ داتاکانی کەسێکدا لێکچوونی هەیە. لێکچووەکە خزمی بکوژەکە بووە.

دواتر، پۆلیس هێڵکارییەکی خێزانی بۆ داتا لێکچووەکە دەکات و شوێنپێی نزیکەکانی وەردەگرێت. لەکاتی لێکۆڵینەوەدا لە دانێڵ وێڵس، پۆلیس جگەرەیەکی فڕێدراوی بکوژەکە هەڵدەگرێتەوە و دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن لە دی ئێن ئەیە بەجێماوەکانی سەر جگەرەکە و دی ئێن ئەی سەر جەستەی ژنە ٢٣ ساڵانە کوژراوەکەی ٣٥ ساڵ لەمەوبەر.

پۆلیس ئەوەشی وتووە، دوای لێکۆڵینەوە، دەرکەوت کتومت هەمان دی ئێن ئەیە و بەوەش دوای ٣٥ ساڵ بکوژەکەیان دەستگیرکردووە.

پۆلیسی ویلایەتەکە دەشڵێت، ئەگەری ئەوەی دی ئێن ئەی سەر جەستەی ژنەکە لەگەڵ دی ئێن ئەی سەر جگەرەکەی وێڵس یەکنەگرێتەوە تەنیا یەکە لە ٧٠٠ ملیاردا.

هـ.ب