سەردێڕ:

پشکنینێکى نوێى کۆرۆنا لە چەند خولەکێکدا ئەنجامەکەت پێدەڵێت

فۆتۆ: 
2020-03-22

29819 جار خوێندراوەتەوە

ئیدارەى دەرمان و خۆراکى ئەمریک FDA رەزامەندى لەسەر جۆرە پشکنینێکى نوێى کۆرۆنا دەربڕیوە، کە لەماوەى تەنها ٤٥ خولەکدا دەریدەخات کەسەکە توشبووە یاخودنا.

کۆمپانیاى سیفید کە بنکەى سەرەکى لە ویلایەتى کالیفۆرنیاى ئەمریکایە رایگەیاندووە، ئامێرێکیان بۆ پشکنینى کۆرۆنا بەرهەمهێناوە کە لە ماوەى ٤٥ خولەکدا دەریدەخات کەسەکە توشبووە یاخود نا، بەوتەى کۆمپانیاکە لە ئێستادا خواستێکى زۆر لەسەر ئامێرەکە هەیە.

دەیڤد پێرسینگ لە کۆمپانیاى ناوبراو رایگەیاندووە، لە هەفتەى داهاتووەوە کۆمپانیاکە دەستدەکات بە هەناردەکردنى ئامێرەکە بۆ نەخۆشخانەکان.

لەئێستاشدا ئەو پشکنینانەى بۆ گومانلێکراوانى توشبوو بە کۆرۆنا دەکرێت ماوەى ٢٤ کاتژمێرى پێویستە بۆ دەرخستنى ئەنجامى پشکنینەکە، ئەوەش فشارێکى زۆر و قەرەباڵغییەکى زۆرى لە نەخۆشخانەکانى وڵاتاندا دروستکردووە، ڕێگاکانى پشکنین و دەرخستنى ئەنجامەکان بە شێوەیەکى خێرا بووەتە پێویستیەکى هەنووکەیى لە زۆربەى وڵاتاندا بەتایبەت ئەو وڵاتانەى ژمارەیەکى زۆر توشبوونیان تێدا تۆمارکراوە.

لەبارەى ئەو ئامێرە نوێیەشەوە پێرسینگ ئاماژەى بۆ ئەوەکردووە، لە تایبەتمەندییەکانى ئامێرەکە ئەوەیە دەتواندرێت لە هەر نەخۆشخانە یاخود نۆرینگەیەکى ئاسایى بەکاربهێندریت و پێویست بە تاقیگەى ناوەندى لە شارەکاندا ناکات وەک ئەوەى ئێستا پەیڕەو دەکرێت، باسی لەوەشکردووە، دەرخستنى ئەنجامى پشکنینەکان بەو شێوە خێرایە و لە ماوەى ٤٥ خولەکدا، کارئاسانى و هاوکارییش دەبێت بۆ شێوازى چارەسەر و دۆزینەوەى دەرمانى ڤایرۆسەکە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ئێستادا ڤایرۆسى کۆرۆنا بە زیاتر لە ١٨٥ وڵاتى جیهاندا بڵاو بووەتەوە و زیاتر لە ١٣ هەزار کەسیش بەهۆى ڤایرۆسەکە لەجیهاندا گیانیان لەدەستداوە و ژمارەى توشبووانیش ٣٠٠هەزار کەسى تێپەراندووە.

‌بەپەلە