سەردێڕ:

ئایا زۆر بەکارهێنانى موعەقەمى دەست زیانى هەیە؟

فۆتۆ: 
2020-03-22

9827 جار خوێندراوەتەوە

ڕێکخراوى دەرمان و خۆراکى ئەمریکى ڕایگەیاندووە، زێدەڕۆییکردن لە بەکارهێنانى پاککەرەوەکانى دەست لەبرى شۆردن بە ئاو و سابون زیانى تەندروستى هەیە.

بەپێى هەواڵێکى ماڵپەڕى سکاى نیوز، ڕێکخراوى دەرمان و خۆراکى ئەمریکى هۆشدارى لە زێدەڕۆییکردن لەبەکارهێنانى ئەو ماددانە داوە کە بۆ پاککردنەوەى دەست لەبرى شۆردن بەئاو و سابون داوە، ئاماژەى بەوەشکردووە، جگە لەوەى نابێت ئەو پاککەرەوانە بکرێنە جێگرەوەى دەست شۆردن، پێویستە لە جۆرەکانى دڵنیابن و بەڕێژەى زیاتر لە %٦٠ى کحول لە پێکهاتەکەیدا هەبێت.

ڕونیشکراوەتەوە، ئەو موعەقەمانەى بەکاردەهێندرێن هەردوو مادەى تريكلوسان و تريكلوكربان لە پێکهاتەکەیاندا هەیە کە بەرپرسن لە لەناوبردنى بەکتریا و میکرۆبەکان، لەکاتى زۆربەکارهێنانی ئەو پاککەرەوانەشدا، پێست ئەو دوو ماددەیە دەمژێت و کێشەى تەندروستى زۆر دروستدەکات و پێستیش تووشى هەستیارى دەکات.

باس لەوەشکراوە، موعەقەمەکان ماددەى بۆنداریان تێدایە بۆ بۆنخۆشکردنى دەست، ئەوەش بۆ هەناسەدان و ڕێڕەوى هەناسە زیانبەخشە، ڕێکخراوەکە پاککەرەوەى بێ بۆن بۆ پاککردنەوەى دەست بەباشتر دەزانێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لەگەڵ بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا، خەڵکى بەشێوەیەکى بەربڵاو وەک راگرتنى پاک و خاوێنى دەستەکانیان پەنایان بۆ بەکارهێنانى موعەقەمەکانى دەست بردووە و بەکارهێنەرانى ئەو جۆرە پاککەرەوانە زیادیانکردووە.