سەردێڕ:

ڕەنگە دەرمانى نەخۆشییەکی پشیلە ببێتە چارەسەرى کۆرۆنا

فۆتۆ: 
2020-03-21

22898 جار خوێندراوەتەوە

زاناکان ڕایانگەیاندووە، ڕەنگە دەرمانى Retromad1 کە بۆ چارەسەرکردنى شێرپەنجەى خوێن و ڤایرۆسێکى هاوشێوەى کۆرۆنا کە تووشى پشیلە دەبێت بەکاردێت، بتوانێت چارەسەرى ڤایرۆسى کۆرۆناش بکات.

ماڵپەڕى سکاى نیوز بڵاویکردەوە، دەرمانەکە بۆ چارەسەرى هەوکردنى Peritonitis کە لە پشیلەدا بڵاوە و هۆکارەکەى ڤایرۆسێکە لە خێزانى ڤایرۆسى کۆرۆنا بەکاردێت، لەئێستادا بۆ چارەسەرى ڤایرۆسى کۆرۆنا تاقیدەکرێتەوە و چاوەڕوانیشدەکرێت سەرکەوتوو بێت.

نیگ شیریو، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیای پیوفالنسى مالیزى کە پەرەى بە چارەسەرەکەداوە رایگەیاندووە، لەئێستادا چارەسەرەکە لە نۆرینگە ڤێتەرنەرییەکاندا لە سەنگاپورە بۆ چارەسەرکردنى ئاژەڵان بەکاردەهێنرێت، دەشڵێت، ئەو دەرمانە پێکوتەیەکى دژە کۆرۆنا نییە تا کەسانى تەندروست بۆ ڕێگریکردن لە توشبوون بەکاریبهێنن، بەڵکو بەمەبەستى چاکبوونەوە بۆ کەسانى توشبوو بەکاردەهێنرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە لە ئێستادا لە قۆناغى تاقیکردنەوەى چارەسەرەکەدان بۆ مرۆڤ و چاوەڕوانى ئەنجامى تاقیکردنەوەکە دەکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ڤایرۆسى کۆرۆنا بە ١٨٥وڵاتى جیهاندا بڵاوبووەتەوە و زیاتر لە ٢٧٧هەزار کەس تووشى ڤایرۆسەکە بوون و زیاتر لە ١١هەزار کەسیش بەهۆیەوە گیانیانلەدەستداوە، هەریەکە لە ئەمریکا و ئەڵمانیا و چین و چەند وڵاتێکى دیکەى جیهانیش کار بۆ دۆزینەوەى ڤاکسینێک بۆ ڤایرۆسى کۆرۆنا دەکەن و کۆمپانیاکانى دەرمان سەرقاڵى تاقیکردنەوەى چەندین نمونەى دەرمانن بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ئەو پەتا جیهانییە.