سەردێڕ:

نرخی نەوت لە بازاڕەکانى جیهاندا

فۆتۆ: 
2020-03-20

12526 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ هەینی، ٢٠ی ئازاری ٢٠٢٠، نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جيهاندا ٢٩ دۆلار ٢١سەنتە و نرخى بەرميلێک نەوتی خاوی ئەمريکيش ٢٦ دۆلار و ٢٥سەنتە.

 ئەگەر کۆرۆنا بووبێتەهۆی توشبوونی زياتر لە ٢٠٠ هەزار کەس بە ڤايرۆسەکە ئەوا چەند هێندەی زيانە مرۆييەکان زيانی بە ئابوری جيهان گەياندووە.

زيانە ئابورييەکانی کۆرۆنا زۆر بواری گرتووەتەوە لەوانە بواری گەشتياری و بەرهەمهێنان و دەستی کار و لەناويشياندا گورزی کوشندە بەر بازاڕی نەوت کەوتووە.

بڵاوبوونەوەی ڤايرۆسی کۆرۆنا بووەتە هۆی کەمکردنەوەی هاتوچۆی زەمينی و ئاسمانی و سستکردنی کەرتی پيشەسازی و بازرگانی ئەمەش بووەتە هۆی دابەزينێکی بەرچاو لە نرخی نەوتدا.

بەپێی هەواڵی ميدياکانيش، دابەزينی نرخی نەوت بەهۆى رێکنەکەوتنى روسيا و سعوديەيە لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بەو پێيەی ئەو دوو وڵاتە لە دوای ئەمريکا گەورەترین بەرهەمهێنەرى نەوتن لە جیهاندا.

ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکردنی نەوت ناسراو بە ئۆپيک، لە شەشی ئەم مانگە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەی ڕێکخراوەکە لە ڤيەنا کۆبووەوە، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر نرخی نەوت و کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە جيهاندا، بەڵام لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت ڕێکنەکەوتن.

شارەزايانی ئابوری ئاماژە بەوەدەکەن سعوديە پێويستی بەوەيە نرخی نەوت لە نزيکی ٨٢ دۆلاربێت بۆ هاوسەنگکردنی بودجەکەی، هەروەها ڕوسيا پێويستی بە نيوەی ئەو نرخەيە بۆ ئەو مەبەستە.

هاوکات بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤايرۆسی کۆرۆنا خواست لەسەر نەوت لەلايەن وڵاتانی جيهانەوە بەشێوەيەکی بەرچاو کەميکردووە.

لەم نێوەندەشدا ئەو وڵاتانەی کە زۆرترين زەبريان پێدەگات وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و ئەو وڵاتانەن کە ئابوريان پشت بە نەوت دەبەستێت، بە شێک لەو وڵاتانەش گيرۆدەی ڤايرۆسی کۆرۆنا بوون.

لەم ڕوانگەيەشەوە ئابوريناسان دەڵێن، دابەزينی ئاستی داهات جارێکی ديکە زيان بە توانای مادی ئەو وڵاتانە دەگەيەنێت لە بەرەنگاربوونەوەی ڤايرۆسەکەدا.