سەردێڕ:

جۆری ئەو خوێنە کامەیە کە زۆرترین مەترسی کۆرۆنای لەسەرە؟

فۆتۆ: 
2020-03-18

96350 جار خوێندراوەتەوە

توێژەرانی چین باس لەوەدەکەن کە جۆری خوێن رۆڵی لە ئاستی دژواریی ڤایرۆسی کۆرۆنادا هەیە و گەیشتوون بەوەی کە ئەو کەسەی هەڵگری خوێنی جۆری A بێت، ئەوا ئەگەری توشبوونی بە ڤایرۆسەکە زیاترە.

ماڵپەڕی سکای نیوز بڵاویکردووەتەوە، بەپێی توێژینەوەیەکی توێژەرانی چینی کە لە شاری وهانی سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کردوویانە، ئەوە هاتووە، "جگە لەوەی کەسانی هەڵگری جۆری خوێنی A زیاتر توشدەبن، بەڵکو زیاتریش ئەگەری گیانلەدەستدانیان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە هەیە."

لە توێژینەوەکەدا، پشکنین بۆ دوو هەزار و ١٧٣ توشبوو لەگەڵ ٢٠٦ کەسی دیکەدا کە بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە کراوە و دواتر بە سێ هەزار و ٦٩٤ کەس بەراوردکراون.

ئاماژە بەوەشکراوە، "جۆری خوێنی زۆرینەی خەڵکی جیهان لە جۆری O ٣٤%، لەکاتێکدا، تەنیا ٢٣%ی جیهان خوێنەکەیان لە جۆری A   ."

روونیشکراوەتەوە، لە شاری وهاندا، رێژەی توشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە لەناو هەڵگرانی جۆری خوێنی A ٤١%ە و لەناو هەڵگرانی جۆری خوێنی O تەنیا ٢٥%ە.

لەگەڵ ئەوەشدا، لە توێژینەوەکەدا نەتوانراوە کە هۆکارێکی زانستی بۆ جیاوازیی رێژەی توشبوون و گیانلەدەستدا لە جۆری خوێنی ئەیدا بدۆزرێتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەپێی دواین ئاماری فەڕمی، ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا ١٩٨ هەزار و ٦٠٢ کەسی تێپەڕاند و چاکبوونەوەش ٨٢ هەزار و ٧٧٩ کەسە، هاوكات حەوت هەزار و ٩٨٨ کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.