سەردێڕ:

چۆن ڕێگری لە کاریگەرییە خراپەکانی ترسی کۆرۆنا لەسەر تەندروستی ژیریت دەکەیت؟

فۆتۆ: 
2020-03-17

2728 جار خوێندراوەتەوە

ئەوە ڕاستە کە کۆرۆنا مەترسییە و دەبێت خۆتی لێ بپارێزیت و گرنگی بە سەلامەتی بدەیت، بەڵام خوێندنەوەی ئەو هەموو زانیارییە لە بارەی خۆپارێزی و بابەتەکانی دیکەوە لە فەیسبوک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، مێشک و ژیریت پەرت دەکات و توشی کێشەت دەکات.

ماڵپەڕی سێ ئێن ئێن بابەتێکی لەسەر چۆنێتی پاراستنی تەندروستی ژیری مرۆڤ بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بە چەند رێنماییەک دراوە کە یارمەتیت دەدات دەستەکانت بشۆیت و مەودای کۆمەڵایەتی لە نێوان خۆت و خەڵکی دیکەدا بهێڵیتەوە، بەڵام ئەمجارەیان بە مێشکت.

*سەرچاوەی زانیارییەکانت کەمبکەرەوە

لەمبارەیەوە، لین بوفکا، بەڕێوەبەری جێبەجێکار بۆ توێژینەوە و سیاسەت لە دەزگای دەروونناسی ئەمریکی چەند خاڵێکی باسکردووە و دەڵێت:

 یەکەم، ژمارەیەکی کەم سەرچاوەی متمانەپێکراو بدۆزەرەوە و تەنیا زانیاریی لەوان وەربگرە، سەرچاوەیەکی تەندروستی ناوخۆیی یان نێودەوڵەتی هەڵبژێرە.

دووەم، زوو زوو چێککردنەوەی هەواڵەکان کەمبکەرەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا زریان و گێژەڵوکە نییە لەبەردەم ماڵەکەتدا بێت، ئەو هەموو چێککردنەوەیەی پێویست نییە.

سێیەم، رێگایەک بهێڵەرەوە بۆ ئیسراحەت، پێویست ناکات ئاگات لە هەموو وردەکارییەکی رەوشەکە بێت، موبایلەکەت بخە ژێر بارگاوییکردنەوە و پشووبدە.

چوارەم، هەندێک رێساویاسا بۆ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنە، واز لە گەڕانی بێ ئامانج لە تۆڕەکاندا بهێنە.

*ناو لە ترسەکانت بنێ

لین بوفکا لەمبارەیەوە دەڵێت، "پەتا جیهانییەکە دوژمنێکی نادیارە، بیر لەوەدەکەیتەوە توشی ڤایرۆسەکە ببیت و گیانلەدەست بدەیت؟ تا ئەو ئاستەی کە "مردن یەکێکە لە ترسەکانمان لە ژیاندا" ئەوا ئاساییە بترسیت، بەڵام دەبێت بیر لەوە بکەیتەوە کە ترسەکەت چییە و چەندە واقیعبینانەیە؟ بەڵێ رەنگە توشببیت، رەنگە پێویستت بە چارەسەر ببێت، بەڵام خۆ هێشتا هیوا و ئومێد لەدەستنەدراوە.

*لە دەرەوەی خۆتەوە بیربکەوە

لین بوفکا باس لەوەدەکات، با بیر لەو کەسانە بکەینەوە کە بەرکەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ تەوژمی پەتا جیهانییەکە داهەیە کە بریتین لە کارمەندانی خزمەتگوزاریی گشتی، کارمەندانی تەندروستی، ئەو کەسانەی لە چێشتخانە و شوێنە گشتییەکاندا کاردەکەن، بیر لەمانە بکەینەوە و بزانین چۆن دەتوانین پشتیوانیان بین. ئەوان هەڵبژاردەی کەمتریان هەیە تاوەکو خەڵکی بە گشتی.

*بەدوای هاوکارییدا بگەڕێ، بەڵام بە ژیرانە

لین بوفکا لەمبارەیەوە دەڵێت، ئەگەر قسەوباس و گفتوگۆ لەبارەی پەتاکەوە لەگەڵ هاوڕێکانت و خێزانەکەتدا دەکەیت، ئەوا رێگا مەدە هەردوولاتان داڕوخاوبن. ئەگەر تۆ دەترسیت مەچۆ بۆ لای کەسێک کە هەمان ترسی تۆی هەبێت. بەدوای کەسێکدا بگەڕێ کە بە جیاوازتر مامەڵەت لەگەڵ بکات و لە نیگەرانیت کەمبکاتەوە و هەندێک رێنماییت پێبدات.

*گرنگی بە پێویستییە بنەڕەتییەکانت بدە

لین بوفکا دەڵێت، "بە کورتی، ئەوەندە بیر لە ڤایرۆسی کۆرۆنا مەکەوە کە پێویستییە تەندروستییە بنەڕەتییەکانت لەبیربباتەوە.  لە کاتی ترسدا، مرۆڤ کەمتر گرنگی بەو شتانە دەدات کە بە تەندروستی دەیهێڵێتەوە، لەکاتێکدا دەبێت زیاتر گرنگیان پێبدات."

لەمبارەیەوە دڵنیابەرەوە لە:

یەکەم، خەوی پێویست

دووەم، خواردنی پێویست

سێیەم، چوونەدەرەوە و هەوا هەڵمژین بەگوێرەی توانین

چوارەم، بەشێوەی رێکخراو چالاکی جەستەیی بکرێت

*لەپێناو نیگەرانیدا، خۆت سزامەدە

تۆ رێگەپێدراوی کە نیگەران بیت و هەست بە خراپیی بکەیت، بەڵام مەهێڵە رووخاندن و سزادانی خۆت ببنە هاوڕێی نیگەرانییەکانت. لەبارەی چۆنێتی باسکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ منداڵان، شارەزایانی تەندروستی ئاماژە بەوەدەدەن، "خەڵکی دەبێت بزانن کە ترس و هەستی منداڵێک سنوردارە"، کەواتە بە دڵنیاییەوە تۆش دەتوانیت بەهەمانشێوە رەفتار لەگەڵ خۆتدا بکەیت. (ئەوەندە زانیاریی پەرت و بڵاو و نیگەرانیی بە منداڵەکەی ناخت مەدە).

هـ.ب