سەردێڕ:

دواى وەرگرتنى چارەسەر ماوەى چاکبوونەوە لە کۆرۆنا چەند دەخایەنێت؟

فۆتۆ: 
2020-03-12

28570 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆڕێکی تەندروستی لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندووە، ماوەی چاکبوونەوە لەکاتی وەرگرتنی چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنا تا شەش هەفتە دەخایەنێت.

مایكڵ ڕایان، پزیشکی پسپۆڕ لەبارەی چارەسەری پەتای کۆرۆناوە بە ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، زۆرینەی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەتوانن بەسەر ڤایرۆسەکەدا زاڵبن، ئەگەرچی ماوەی چاکبوونەوەیان لەو نەخۆشیە درێژە دەخایەنێت.

ئەو پزیشکە رایگەیاندووە، ماوەی چاکبوونەوە لە پەتاکە لەسەر قورسیی توشبوون بەو نەخۆشیە بەندە و بەشێوەیەکی ئاسایی نەخۆش تا شەش هەفتە لە نەخۆشیەکە چاکدەبێتەوە، بەڵام ئەوانەی بە سەختی توشی ڤایرۆسەکە بوون دەکرێت چارەسەرەکەیان چەندین مانگ بخایەنێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکاتێکدا دەتوانرێت بوترێت توشبوویەکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشیەکە چاکبووەتەوە کە چیتر هیچ نیشانەیەکی نەخۆشیەکەی تیادا دەرنەکەوێت، هەروەها دوو پشکنینی تەندروستی بۆ بکرێت کە نێگەتیڤ دەربچن، بە مەرجێک ماوەی پشکنینەکان بەلایەنی کەمەوە یەک ڕۆژیان لەنێواندا بێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ڤایرۆسی کۆرۆنا COVID-19، لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە لە شاری وهانی چین سەری هەڵدا و تەشەنەی کرد، لەو کاتەشەوە هەتا ئێستا بەپێی دوایین ئامارەکان زیاتر لە ١٢٦ هەزار کەس لە جیهاندا توشی ئەو ڤایرۆسە بوون، هاوکات زیاتر لە ٦٨ هەزار کەسیش چاکبوونەتەوە و زیاتر لە چوار هەزار کەسیش بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

تا ئێستا ١٩ حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستاندا تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەش، ١١ توشبوویان لە سلێمانین کە یەکێکیان گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکەشیان چاکبووەوە، هەشت حاڵەتیش لە شاری هەولێرە.